جۆشوخرۆشی گاتوزۆ، ئیتاڵیا دەگەیەنێتەوە مۆندیال

14-10-2025
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن جینارۆ گاتوزۆ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای چەندین ساڵ لە نائومێدی و ھەوڵە شکستخواردووەکانی گەڕانەوە بۆ سەر شانۆی جیھانی، ھیواکانی ئیتاڵیا لەژێر سەرپەرشتی جینارۆ گاتوزۆدا ژیانەوە و ئازۆری نزیکە لە گەڕانەوە بۆ گەورەترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێ، کە جامی جیهانییە.
 
گاتوزۆ کە وەک یاریزان لەگەڵ ئیتاڵیادا نازناوی مۆندیالی بەدەستهێناوە، لە بارودۆخێکی خراپ و ئومێدبڕدا سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەکەی وەرگرت، بەڵام ئێستا هەمووان بەچاوی گەشبینانەوە لە کارەکەی دەڕوانن.
 
گاتوزۆ، کە بە سۆز و سەرکردایەتییەکەی ناسراوە، ئێستا رووبەڕووی ئەو ئەرکە بووەتەوە کە ناسنامەی ئیتاڵیا وەک یەکێک لە تیپە ھەرە باشەکانی جیھان بگەڕێنێتەوە.
 
ئیتاڵیا، هەڵبژاردەیەکە کە چوار ئەستێرەی زێڕینی مۆندیال لەسەر لۆگۆکەیەتی، بەڵام لە ساڵانی نزیکی رابردوودا رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەوە. جیان پیێرۆ ڤێنتۆرا یەکەم کەس بوو، کاتێک لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا ئیتاڵیا نەیتوانی بەشداری مۆندیالی 2018 بکات، دوای دۆڕاندنی بە سوێد لە یارییەکانی پاشکۆدا، ئەمەش بووە هۆی دەستبەجێ دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە لە کارەکەی.
 
دوای ڤێنتۆرا، رۆبێرتۆ مانچینی وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە دەستنیشان کرا. لەگەڵ ئەو راهێنەرەدا سەرەتا هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەچوو،  مانچینی تیپەکەی دووبارە بنیات نایەوە و ئیتاڵیای بەرەو نازناوی یۆرۆ 2020 (کە لە ساڵی 2021 ئەنجامدرا) برد بەڵام، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022 ، ئیتاڵیا جارێکی دیکە لە گەیشتن بە مۆندیال شکستی هێنا و لە ئەنجامدا، مانچینی لە کارەکەی دوورخرایەوە. 
 
پاشان لە مانگی هەشتی ساڵی 2023، لوچیانۆ سپالێتی سەرپەرشتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای گرتە ئەستۆ و نەیتوانی کەشتییەکە جێگیر بکات. لە یۆرۆی 2024، ئیتاڵیا لە قۆناخی 16 لەلایەن سویسراوە کرایە دەرەوە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە، بڕیاریدا متمانە بەو راهێنەرە بداتەوە و لە کارەکەی بەردەوام بێت. بەڵام، کاروانی سپالێتی لەسەرەتای پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوودا بەرامبەر نەرویج، فیدراسیۆنەکەی لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی دوو مۆندیالی رابردوو ترساند و بەزوویی سپالێتی لە کارەکەی دوورخرایەوە و جێنارۆ گاتوزۆ وەک راهێنەری نوێی دەستنیشانکرا، لەپێناو گێڕانەوەی سۆز و رێکوپێکی بۆ هەڵبژاردەکە.
  
 گاتوزۆ، کە بە عەقڵییەتی جەنگاوەرانە و شێوازی پڕ جۆش ناسراوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا بەڵینیدا ناسنامەی تۆپی پێی ئیتاڵیا بەدەست بهێنێتەوە، ئەو لەکاتی ناساندنیدا گوتی، "دەبێت پێناسەی خۆمان بدۆزینەوە و بۆ ئەم درێسە شەڕ بکەین." 
 
لە رۆژەکانی سەرپەرشتیکردنیدا، گاتوزۆ روونیکردەوە کە پابەندبوون و یەکگرتوویی مەرجی پێشینەیە بۆ هەمووان. ئەو خۆی پەیوەندی بە زیاتر لە سی یاریزانەوە کرد بۆ پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەکە و داوای کرد، تەنانەت ئەوانەش کە پێکانی سووکیان ھەبوو، بچنە کەمپی ھەڵبژاردەی نیشتمانی، بەئامانجی دووبارە بنیاتنانەوەی کولتووری تیپ و بەرپرسیارێتی.
 
لەژێر سەرکردایەتی گاتوزۆدا، یارییە سەرەتاییەکانی ئیتاڵیا پڕ بوون لە وزە ، یەکەم یاری سەرکەوتنی بەئەنجامی 5-0 بەسەر ئیستۆنیا بەدەستهێنا. چەند رۆژێک دواتر، بە ئەنجامی 5-4 لە ئیسرائیلی بردەوە لە پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیال. ئەنجامەکە ھەردوولایەنی ئیتاڵیاکەی گاتوزۆی پێشاندا، بەهێزی لە ھێرشبردن، بەڵام لاواز لە بەرگریدا. دوای یارییەکە، گاتوزۆ دانی بەهەڵەکاندانا، ئەو گوتی "گۆڵی زۆرمان تۆمارکرد، بەڵام ناتوانین رێگری لە گۆڵی بێمانا بکەین کە لێمان دەکرێت ئەگەر بمانەوێت لە لووتکەدا رکابەری بکەین، دەبێ کۆتایی پێ بهێنین".
 
لە رووی بەرگرییەوە، ئازووری ھێشتا لە قۆناخی کارکردندایە. بەرگری ئیتاڵی، کە جاران وانەی لەسەر دەخوێنرا لەسەر ئاستی جیھانی، ئێستا بۆشایی زۆر لە نێوان ھێڵەکاندا بەجێدەھێڵێت. گاتوزۆ دانی نا بەم لاوازییانە و پێداگری دەکات کە تیپەکە دەبێت فێر بێت، کەی گوشار بکات و کەی پتەو بێت بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئیتاڵیا بۆ رێچکە کلاسیکییەکەی خۆی لە بەرگریدا.
 
لە ناوەڕاستی یاریگادا، کاریگەری گاتوزۆ روونترینە. وەک یاریزانێکی ناوەڕاستکاری پێشوو کە بە پڕ وزە و سەرکردایەتییەکەی ناسراوە، داوای کۆنتڕۆڵ، ریتم و تووندی دەکات. بەسەر یاریزانەکانیدا دەسەپێنێت بە خێرایی تۆپ وەربگرنەوە و تیپەکە پتەو رابگرن.
 
بەڵام گەورەترین گۆڕانکاری لە ھێڵی پێشەوەدا رووی داوە ، هێڵێک کە ئیتاڵیا ماوەیەکی زۆر تێیدا کێشەی ھەبووە. بۆ چەندین ساڵ، ئازووری بێبەش بوو لە گۆڵکارێکی راستەقینە. گاتوزۆ، بژاردەی جیاوازی تاقیکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی ھێرشبەرێکی نموونەیی و دەیەوێت ھێرشبەرەکانی بە شێوەیەکی توند گووشار بکەن .
 
گاتوزۆ، متمانە بە کەسایەتییە ئەزمووندارەکانی هەڵبژاردەکە دەکات بە تایبەت بۆ ھاوسەنگی ھێنان، لە ھەمان کاتدا سەیری بەھرە لاوەکانیش دەکات بۆ دەرخستنی وزە. ئەم تێکەڵەیەی گەنجێتی و ئەزموون، هەڵقووڵاوی باوەڕی ئەوەیە کە ئیتاڵیای نوێ دەبێت گەشە بکات، بەڵام ھەرگیز بەھا کۆنەکانی لەبیر نەکات.
 
شێوازی گاتوزۆ بۆ ھەڵبژاردنی یاریزانانیش پەیامێکی بەھێزی ناردووە. ناترسێت لەوەی ناوی گەورە نەهێنێت ئەگەر لە رووی جەستەیی یان دەروونییەوە ئامادە نەبن.
 
 فێدێریکۆ کیێزا، یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی ئیتاڵیا، دووبارە لە دوایین پێکھاتەکەدا بانگهێشت نەکرا. گاتوزۆ روونی کردەوە کە ھەڵبژاردن پشت بەناوبانگ نابەستێت، بەڵکو پشت بە ئاست و ئامادەیی بۆ شەڕکردن بۆ ھەڵبژاردەی نیشتمانی دەبەستێت. ئەم ستانداردە تووندە، رۆح و یەکگرتوویی ناو کەمپەکەی باشتر کردووە.
 
ئەنجامەکانی ئەم دواییەی ئیتاڵیا ھەستی بەرەوپێشچوونیان دروستکردووە، بەڵام چاوەڕوانییەکان ھێشتا بەرزن. گاتوسۆ دەزانێت کە ئامانجی کۆتایی گەڕاندنەوەی ئیتاڵیایە بۆ مۆندیالی  2026 و کردنیان بە رکابەر دژی باشترینەکانی جیھان. بۆیە دەستی کردووە بە داڕشتنی ناسنامەیەکی نوێ بۆ ئازووری، ناسنامەیەک کە رێز لە رۆحی جەنگاوەرانەی تۆپی پێی ئیتاڵی دەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە