رووداو دیجیتاڵ
عەلی رەزا مەنسووریان، راهێنەری ئێرانیی یانەی تەڵەبە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "دەمەوێت ژمارەیەک ئەستێرەی بەنێوبانگی ئێرانی بهێنمە خولی ئەستێرەکانی عێراق".
یانەی تەڵەبە دەستپێکی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق باش نەبوو، بەڵام دوای هاتنی مەنسووریان تیپەکە بووە رکابەرێکی بەهێزی خولەکە و لە پێنج یارییدا لەژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرە ئێرانییە چوار بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، بەهێزترین ئەنجامی بردنەوە بووە لە یانەی شورتەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە.
دوای تەواوبوونی دوایین یارییان و بردنەوە لە نەورۆز بەئەنجامی گۆڵێکی بێبەرامبەر، عەلی رەزا مەنسووریان، راهێنەری یانەی تەڵەبە تایبەت بە رووداو سپۆرتس، گوتی "یەکەم وشە سوپاسگوازرییەکی زۆری یاریزانەکانم دەکەم کە زوو دەتوانن ئەو ئەرک و تەکتیکانەی لەنێو یاریگە وەک ئەرک پێیاندەدەم جێبەجێی بکەن و بەردەوام بە گوشارێکی زۆر لەسەر تیپی رکابەرمان یاریدەکەین، سەرۆکی یانە و هەموو ئەندامانی دەستەی کارگێڕیش پاڵپشتییەکی بەهێزی من دەکەن".
وەرزی ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆری ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی ئوردن، یەمەن، نایجیریا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە لە ریزی یانە بەشدارەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق یاری دەکەن، بەڵام هیچ ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی ئێران لە خولەکەدا یاری ناکات.
مەنسووریان، پلانی هێنانی ئەستێرە ئێرانییەکانی بۆ نێو خولی ئەستێرەکانی عێراق لە هزردایە و لەو بارەیەوە بە روووداو سپۆرتسی گوت "بەدڵنیاییەوە بوونم لە یانەی تەڵەبە کردنەوەی رێگایەکی گەورەیە بەڕووی ئەستێرە ئێرانییەکان و هاتنیان بۆ عێراق".
ئەو راهێنەرە تەمەنی 54 ساڵە، وەک یاریزانی هەڵبژاردەی ئێران 46 یاریی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە و ناوەڕاستکار بووە، لە 1998 بەشداری مۆندیالی فەرەنسای کردووە، ساڵی 2011 راهێنەری هەڵبژاردەی یەکەمی ئێران بووە، راهێنەری یانەی ئیستقلالی ئێرانی بووە.
راهێنەری یانەی تەڵەبە بۆ رووداو سپۆرتس زیاتر روونیکردەوە "گۆڕانکارییەکی زۆر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە رووی پێشکەوتن دەبینم و ئەو داراییە زۆرەی یانەکان بۆ تۆپی پێ خەرجی دەکەن، ئەو هیوایەمان پێدەدات کە تاوەکو چوار ساڵی داهاتوو خولی عێراق ببێتە بەهێزترین خول لەسەر ئاستی رۆژئاوای ئاسیا".
دوای تەواوبوونی 12 گەڕ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی تەڵەبە بەکۆکردنەوەی 23 خاڵ لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ