ئەمڕۆ هەولێر و تەڵەبە بەگیرفانی بەتاڵەوە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە

20-05-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر یانەی تەڵەبە
A+ A-
رووداو هەولێر 

لە گەڕی سی و چواری خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی تەڵەبە دەکات و چاوی لە بردنەوەیە.
 
یانەی هەولێر کە بەدەست قەیرانی دارایی دەناڵێنێت و هەشتا و پێنج رۆژە یاریزانانی مووچەیان وەرنەگرتووە، هەر بەو هۆیەشەوە هیگۆر ڤیداڵ و هیلیۆ مۆنتێرۆ ئەستێرە بەرازیلییەکانی یانەکە تیپەکەیان جێهێشت، درێس زەردەکان یاریی رابردوو دۆڕان، دەیانەوێت بەر لە وەستانی یارییەکانی خولەکە سێ خاڵ بکەنە دیاری و پێشکەشی هاندەرانیان بکەن کە ناتوانن لە یارییەکەدا ئامادەبن.
 
کەیفی عەبدوڕەحمان، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر بەنیگەرانییەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "بەڕاستی قەیران و بێ مووچەیی لە یانەکەمان بەردەوامە، ئامادەکارییەکی مامناوەندمان کردووە، چونکە بەهۆی بێ مووچەیی یاریزانەکان بیروهۆشیان لای راهێنانەکان نییە و زۆریان ویستویانە راهێنان نەکەن، ئەوەی پێمان کراوە تەنیا کارمان لەسەر ئارامکردنەوەی دەروونیان کردووە و دەمانەوێت یارییەکی باش بکەین"
 
ئەو هەروەها گوتی "هەریەک لە هیگۆر ڤیداڵ و هیلیۆ مۆنتیرۆ بەهۆی دۆخی داراییەوە ریزەکانی تیپەکەمانیان جێهێشت". 
 
یانەی تەڵەبە وەرزی ئەمساڵ سەرباری کێشەی گەورەی دارایی کە نەیتوانیوە لە پێنج مانگی رابردوو مووچە بداتە یاریزانەکانی، بەڵام تیپەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە بەکۆکردنەوەی 56 خاڵ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، شین پۆشانی بەغدا سێ رۆژە راهێنان لە شاری هەولێر دەکەن و دەیانەوێت یارییەکە ببەنەوە. 
 
باسم قاسم، راهێنەری یانەی تەڵەبە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ رووداو گوتی "لە رووی هونەری و داراییەوە وەرزی ئەمساڵ ئێمە سەقامگیر نەبووین، کەمپی راهێنانی باشمان نەکرد و تەنانەت لە گواستنەوەی زستانەی یاریزانانیش ئێمە گۆڕانکاریمان نەکرد، ئەوە پێنج مانگیشە یاریزانانمان مووچەیان وەرنەگرتووە، بڕوا بکەن بە پەیوەندی خۆمان و قسەی خۆش یاریزانەکانمان راگرتووە، بەو شێوەیە کارکردن زۆر زەحمەتە ". 
 
هەر ئەمڕۆ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی قاسم یاری لەگەڵ زاخۆ دەکات، یانەی حدوود یاری لەگەڵ زەورا دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە