رووداو دیجیتاڵ
یانەی شورتە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر لە نەفتی بردەوە و هەنگاوێکی دیکە لە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق نزیکبووەوە.
لە گەڕی 35ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەمە لەنێو یاریگای شەعب لە بەغدا یانەی شورتە رووبەڕووی یانەی نەفت بووەوە و یارییەکەی بەچوار گۆڵی بێبەرامبەر لێبردەوە.
شورتەی پێشەنگی خولەکە بە 77 خاڵ هەر لە سەرەتاوە بە گەڕوتینێکی باشەوە دەرکەوتن و هێرش لەدوای هێرشیان بۆ سەر تیپی بەرامبەر دەبرد، بۆئەوەی زوو ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلابکەنەوە.
یارییەکە لە گێمی یەکەمدا تاکلایەنە بوو تەنیا هێرشی یانەی شورتە دەبینرا، سەرئەنجام لە خولەکی زیادکراوەی نیوەی یەکەم، لێدانی سزا بۆ شورتە گیرا و سەجاد جاسم گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.
دواتر لە گێمی دووەم ریتمی یارییەکە بەهێمنی دەستیپێکرد و تا خولەکی 70 لەسەر هەمان ریتم بەردەوامبوو، بەڵام دواتر مەحموود مەواسی هێرشبەر، بێدەنگیی شکاند و توانی گۆڵێکی نایاب تۆماربکات.
پاشان زنجیرەی گۆڵەکان دەستیپێکرد و تەنیا دوای تێپەڕبوونی 9 خولەک، ئەیوب ماشرک بە ئەسیستێکی جوانی محەممەد داود، توانی گۆڵی سێیەم تۆمار بکات، پاشان ئەیوب ماشرک تەنیا 6 خولەکی بەس بوو بۆ تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی
بەم ئەنجامە یانەی شورتە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 80 خاڵ و لە پێشەنگی خولەکە مایەوە، بەم پێوەرە، ئەگەر لە یاری داهاتوودا یانەی شورتە براوەبێت، ئەوا دەبێت بە پاڵەوانی خولەکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ