رووداو دیجیتاڵ
دوای کرانە دەرەوەی لە مۆندیالی یانەکاندا، یانەی ریال مەدرید لەسەر هەنگاوەکانی بۆ گۆڕانکاریکردن لە ریزەکانیدا بەردەوامە و میدیای ئیسپانیا، هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لەبارەی یانەکەوە بڵاودەکاتەوە.
داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی بەرازیلی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید روون نییە و پرسیاری زۆری لەسەرە، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "یانەی ریال مەدرید گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەی راگرتووە و بە داواکارییەکانی ڤینی رازی نییە."
ڤینیسیۆس لە گرێبەستە نوێیەکەیدا داوای 30 ملیۆن یۆرۆی کردووە، بەڵام ریال مەدرید رازی نییە و یاریزانەکەش داوای ئەو مووچەیە دەکات لە ساڵێکدا، ئەمە بووەتە هۆکاری راگرتنی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، ئەوەی هەنگاوەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە ئاڵۆزتر دەکەن، ئەوەیە کە پەیام بۆ ڤینی نێردراوە پێویستە قبوڵی بکات لە یانەکەدا یاریزانی ژمارە دوو بێت، بە تایبەت دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر پاریس سانجێرمان گۆڕانکاریی پێکرا بەبێ ئەوەی هیچ پێکانێکی هەبێت.
هێشتا بەتەواوی پرسی یاریزانەکە یەکلا نەبووەتەوە و گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت و ئێستا نرخی یاریزانەکە دەگاتە 170 ملیۆن یۆرۆ.
لە ماوەی رابردوودا ئاستی ڤینیسیۆس جونیۆر دابەزیووە و یاریزانەکە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە فرانسیس گایاردۆ رۆژنامەڤانێکی ئیسپانییە و دەڵێت "لە مانگی داهاتوودا ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ بەیەکەوە لە ریال مەدرید دەڕۆن."
یانەی ریال مەدرید لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانی یانەکاندا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی پاریس سانجێرمان دۆڕا، یانەکە بۆ وەرزی نوێ دەیەوێت بەهێزەوە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەش گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، دین هاوسن، فرانکۆ ماستانتونۆ و ئەلڤارۆ کارێراس واژۆکردووە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ