چاوەڕوانییەکان بۆ یاریی بارسێلۆنا کۆتاییهاتن.. ئەمڕۆ پاڵەوانی ئیسپانیا دەبیننەوە

16-08-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا مایۆرکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

وەرزی نوێی لالیگا بۆ یانەی بارسێلۆنا دەستپێدەکات، یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا دەچێتە نێو رکابەرییەکانی وەرزی 2025-2026 و دەیەوێت هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی وەرزی رابردووی لالیگا دەستپێبکات.
 
بارسا ئەمشەو لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە لالیگادا بەرامبەر یانەی ریال مایۆرکا یاری دەکات، یانەکە لە گواستنەوەی هاوینەدا تەنیا دوو گرێبەستی کردووە، خوان گارسیای گۆڵپارێزی لە یانەی ئیسپانیۆلەوە گواستەوە و مارکۆس راشفۆردیش لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی بلاوگراناوە کرد. هەروەها روونی بەرداخچیشی گواستووەتەوە، بەڵام لەگەڵ تیپی دووەم ناونووسکراوە،
 
بارسا ناوی هەردوو یاریزانەکە، خوان و راشفۆردی بەفەرمی لە لالیگادا تۆمارکردووە و تیپەکە دوو رووخساری نوێی تێدا دەبێت.
 
بارسێلۆنا بەشێوەیەکی گشتی 75 یاریی بەرامبەر مایۆرکا ئەنجامداوە، 46 یاریی بردووەتەوە، 17 جار دۆڕاوە و لە 12 یارییدا یەکسانبوون، لە 2009ـەوە لە هەژدە یاریی رابردوودا بارسێلۆنا هیچ یارییەکی بەرامبەر ریال مایۆرکا نەدۆڕاندووە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بەرامبەر ئەو یانەیە.
 
بەر لە دەستپێکردنی وەرزی نوێ، بلاوگرانا ئامادەکارییەکانی بردە کیشوەری ئاسیا و سێ یاریی لە رۆژهەڵاتی ئەو کیشوەرە بردەوە، دوای ئەوەش لە جامی خوان گامپەردا بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی کۆموی ئیتاڵی بەدەستهێنا.
 
یانەی بارسێلۆنا کاتێک گەشت بۆ مایۆرکا دەکات، هێڵی بەرگری لالیگا دەستپێدەکات.
 
هانسی فلیک لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا نازناوەکەی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بە چوار خاڵ لە پێش ریال مەدریدی رکابەری سەرەکییەوە بوو.
 
بارسا پێش وەرزی داهاتوو تەنیا دوو رووخساری نوێی بۆ پێکهاتەکەی زیادکرد و خوان گارسیای گۆڵپارێز لە ئیسپانیۆلەوە هات و مارکوس راشفۆرد بەخواستن لە یانەی مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە