رووداو دیجیتاڵ
یەکسانبوون بە ئەنجامی 2-2 بەرامبەر ریال مایۆرکا دوو خاڵی گرنگی لە بارسێلۆنا کەمکردەوە، مایۆرکا دیارییەکی بە نرخی پێشکێشی ریال مەدرید کرد، بۆ ئەوەی پێشەنگی لالیگا بەدەستبهێنێتەوە.
لە گەڕی حەوتەمی لالیگادا، بارسێلۆنا بووە میوانی مایۆرکا و هەردوو تیپ بە خاڵێک رازی بوون، دوای ئەوەی هەریەکەو دووجار تۆڕی ئەوەی دیکەی هەژاند.
ڤیدات موریکۆ، دوای تێپەڕبوونی تەنیا 8 خولەک گۆڵی یەکەمی مایۆرکای تۆمارکرد.
رافینیا لە خولەکی 41 توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ بارسێلۆنا تۆمار بکات، بەڵام ئیبدۆن پراتس رازی نەبوو نیوەی یەکەم بە یەکسانبوون کۆتایی بێت و لە خولەکی 45+3 گۆڵی دووەمی بۆ مایۆرکا تۆمارکرد.
لە نیوەی دووەمدا، فێرمین لۆپێز کە بە یەدەگ هاتە نێو یاریگە، لە خولەکی 75 گۆڵی یەکسانبوونی بۆ بارسا تۆمارکرد و یارییەکە دوو بە دوو کۆتاییهات.
بەم یەکسانبوونە بارسێلۆنا بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ پێشەنگی خۆی لە ریزبەندیی لالیگادا پاراست، بەڵام ئەگەر خێرۆنا و ریال مەدرید یارییەکانی ئەم گەڕەیان ببەنەوە پێش بارسا دەکەونەوە.
ریال مایۆرکاش لە پلەی پانزەیەمدایە و ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 6 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ