ریال مەدرید پەلە لە ئامادەکردنی ئەستێرەکانی دەکات بۆ کلاسیکۆ

16-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت، بەر لەوەی یارییەکانی لالیگا دەستپێبکەنەوە و یانەکە خۆی بۆ یاریی کلاسیکۆی بەرامبەر بارسێلۆنا ئامادەبکات.
 
رۆژی 26ـی ئەم مانگە لە یاریی کلاسیکۆدا لە لالیگادا، یانەی ریال مەدرید لە گەڕی دەیەمی خولەکەدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی یانەی بارسێلۆنای رکابەری دەکات، بەر لە یارییەکە هەریەکە لە دانی کارڤاخاڵ و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، لەکاتێکدا چەند هەفتەیەکە بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە، خۆیان ئامادەدەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە نێو یاریگەکان و چابی ئەلۆنسۆش بەر لە یەکێک لە یارییە گرنگەکانی وەرز هێزێکی زیاتری بۆ دەگەڕێتەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی شاهانە پەلە دەکات بۆ ئەوەی ئەو دوو یاریزانە ئامادەبکات بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یاریگەکان، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە لە یاریگەی ڤالدێبێباس راهێنانیان کرد، ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ نزیکبوونەوەی گەڕانەوەی هەردوو یاریزانەکە بۆ نێو پێکهاتەی تیپەکە.
 
کارڤاخال لە راهێنانەکانی رۆژی چوارشەممەدا بە تۆپەوە مەشقی کردووە، ئەمەش گەڕانەوەی بۆ نێو مەشقە بە کۆمەڵەکان خێراتر دەکات و ئەگەری بەشداریکردنی لە یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا زیاتر دەکات.
 
بەرگریکارە ئیسپانییەکە لە یاریی دێربیی مەدریددا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید تووشی پێکانبوو و ئەو کاتە راگەیێنرا کارڤاخاڵ پێویستی بە سێ بۆ چوار هەفتە هەیە تاوەکو بەتەواوی دەگەڕێتەوە.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی بۆ گەڕانەوەی دیاری کرابوو، کارڤاخاڵ دەستی بە راهێنان کردووەتەوە و خۆی ئامادەدەکات بۆ ئەوەی بۆ کلاسیکۆ بەتەواوی ئامادەبێت.
 
لەلایەکی دیکەوە ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکارە ئینگلیزییەکەی ریال مەدریدیش رکابەری لەگەڵ کات دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان، دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر مارسیلیا لە چامپیۆنزلیگدا تووشی پێکانبوو.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەرگریکارەکەی ریال مەدرید بەرنامەیەکی تووندی چارەسەری وەردەگرێت، لەکاتێکدا چاوەڕواندەکرا 10 بۆ 12 هەفتە دووربکەوێتەوە.
 
ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، بەپەرۆشەوە چارەسەرییەکانی وەردەگرێت و دەیەوێت هەرچی زووە بگەڕێتەوە نێو مەشقە بە کۆمەڵەکان بۆ ئەوەی یەکەم کلاسیکۆ بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە ئەنجامبدات، لەکاتێکدا دەزانێت یارییکردن بەرامبەر بارسا مانایەکی تایبەتی هەیە، جگە لەوەش یارییەکە بۆ ئەو یاریزانە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە لەبەردەم هەمووان.
 
پێکانی دانی کارڤاخاڵ و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، لە باڵی راستی بەرگریدا کێشەی بۆ ریال مەدرید دروستکرد، چابی ئەلۆنسۆ ناچاربوو گۆڕانکاری لە شێوازی یارییکردنیدا بکات و پشت بە فێدریکۆ ڤاڵڤێردی و راول ئاسێنسیۆ ببەستێت بۆ ئەوەی لەو شوێنە یاری بکەن، بەڵام لەرووی بەشداریکردن لە دروستکردنی هێرشدا ئەو کاریگەرییەیان نەبوو کە ئەو دوو یاریزانە هەیانە. بۆیە گەڕانەوەی ئەو دوو بەرگریکارەی باڵی راست یان هەر یەکێکیان بەر لە کلاسیکۆ بۆ ریال مەدرید پاڵنەرێکی ئەرێنی زۆرباش دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە