سعودیە داهاتووی هێرڤی رێنار یەکلادەکاتەوە

16-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هێرڤی رێنار
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، داهاتووی هێرڤی رێنار، راهێنەری هەڵبژاردەکەی یەکلادەکاتەوە، دوای ئەوەی هەڵبژاردەکەی گەیاندە یارییەکانی مۆندیالی 2026.
 
رێنار سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی سعودیەی کرد بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی 2026، دوای ئەوەی لەگەڵ عێراق یەکسانبوون و هەڵبژاردەکە بۆ جاری حەوتەم لە مێژوویدا بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالدا دەکات.
 
دوای ئەم دەستکەوتەی سعودیە، رێنار بووە یەکەم راهێنەر دوو مۆندیالی لەسەریەک هەڵبژاردەکە بگەیێنێتە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە، دوای ئەوەی بەشدارییان لە مۆندیالی 2022 کرد و لە یەکەم یارییاندا لە ئەرجەنتنیان بردەوە.
 
بەر لە یاریی بەرامبەر عێراق دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە بڵاوکرانەوە، بەتایبەت لە ئەگەری سەرنەکەوتنی هەڵبژاردەکە دەکرا راهێنەرەکە واز لە کارەکەی بهێنێت.
 
لەبارەی داهاتووی هێرڤی لەگەڵ هەڵبژاردەکە، یاسر مسەحل، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە دەڵێت "ئەو بۆ جامی جیهانی 2026 و جامی ئاسیای 2027 لەگەڵمان بەردەوامدەبێت، من پێموایە ئەو راهێنەرێکی زۆر نایابە و دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ یاریزانانی سعودیە دەکات."
 
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە زیاتر گوتی "من وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی، متمانەی تەواوم بە راهێنەرەکە هەیە، بەڵام پێویستە پاڵپشتیی بکەین بۆ ئەوەی لەسەر هەڵبژاردەکە بوەستین بۆ ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردە گەورەکان بەراوردی بکەین، 
 
مسەحل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "تیپی زۆر بەهێز لە رێگەی پاشکۆوە گەیشتوونەتە مۆندیال، کرواتیا لە 2018 چووە یاریی کۆتایی و لە رێگەی پاشکۆوە سەرکەوتبوو، ئەرجەنتین لە مۆندیالی 1994 بە پاشکۆ سەرکەوت. شەرم نییە کاتیک باسی ئەوە دەکەین، ئێمەش هیواخوازبووین لە رێگەی راستەوخۆوە سەربکەوین، بەڵام چەند دۆخێکی جیاواز هاتنە پێشەوە، وەکو گۆڕینی راهێنەر، ئەو گۆڕانکارییەی لە کۆتاییدا سوودی هەبوو بۆ گەیشتن بە مۆندیال."
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە گوتی "گوشار لە تۆپی پێدا شتێکی ئاساییە، ئەوانەی ناتوانن بەرگەی گوشار بگرن، ناچنە نێو دونیای تۆپی پێ، بەڵام گرنگ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکەیە و پێویستە لەسەر ئەوە بونیاد بۆ داهاتوو دابنێین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە