رووداو دیجیتاڵ
هێرڤی رێنار، راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە ستایشی پێشکەوتنەکانی تۆپی پێی وڵاتەکە دەکات و دەڵێت "ئەوەی هیلال بەرامبەر ریال مەدرید کردی چاوەڕواننەکراو نەبوو."
رێنار لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی سعودیە و ترینداد تۆباگۆ لە جامی کۆنکاف قسەی لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی جیاوازەوە کرد و لەبارەی یارییەکەوە گوتی "یارییەکە بۆ هەردوو تیپ گرنگە و هەردوولا رکابەری لەسەر بردنەوە دەکەن بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، ئەم یارییە گرنگ و تایبەتە، کاتێک مانگێک لەمەوبەر بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی مەشقەکان هاتینە ئێرە نەمانتوانی یاریگەیەکی کوالێتی بەرز لە لاس ڤێگاس بدۆزینەوە، بۆیە بڕیارماندا رێکخستنەکانمان لەو یاریگەیە ئەنجامبدەین کە میوانداری یارییەکان دەکات."
رێنار دەڵێت "ئێمە لێرەین لەپێناو گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، رەنگە بگوترێ ئێمە بەرامبەر ئەمریکا بە بەرگرییەوە یارییمانکرد، بەڵام لەم یارییەدا بەشێوەی هێرشبەرییەوە یاری دەکەین و تەنیا بۆ بردنەوە یاری دەکەین."
لەبارەی گۆڕانکارییەکانی تۆپی پێی سعودییەوە هێرڤی رێنار قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "لەبارەی جیاوازییەکانی ئێستای تۆپی پێی سعودی لەگەڵ ئەو کاتەی کە بۆ یەکەمجار لە 2019 هاتمە ئێرە زۆرە، بەتایبەت لەرووی ئاستی خولەکەوە، خولەکە زیاتر پێشکەوتووە، ئەمەش بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زیاتری یاریزانی پیشەگەر و دیارە کە کاریگەرییەکی گەورەی دروستکردووە، بەڵام ئەمە هەلی یاریزانەکانی ناوخۆییەکان کەم دەکاتەوە."
راهێنەرە فەرەنسییەکەی هەڵبژاردەی سعودیە دەڵێت "فیدراسیۆنی تۆپی پێ بە سەرۆکایەتی یاسر مسەحل، بەشێوەیەکی زۆرباش کاردەکات و هەلی داوەتە یاریزانەکانی سعودییە بۆ بەشداریکردن، بەشێکیان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا چوونە دەرەوە بۆ ئەزموونکردنی پیشەگەری، لە رووی رۆشنبیرییەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت هەڵبژاردەیەکی بەهێزمان هەبێت."
رێنار زیاتر لەو بارەیەوە گوتی "ئێمە نەوەیەکی بە ئەزموونمان بەڕێکرد، وەکو عوەیس، فەرەج، شەهرانی، برێک، بلەیهی و ئەوانی دیکە، ئێمە ئێستا تیپێکی لاومان هەیە، ناتوانین بەخێرایی داوای ئەنجامی گەورە بکەین و پێویستی بە پشوو درێژییە."
لە کۆتایی قسەکانیدا هێرڤی رێنار، راهێنەری هەڵبژاردەی سعودیە باس لە یاریی هیلال بەرامبەر ریال مەدرید دەکات لە مۆندیالدا و دەڵێت "هیلال بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامێکی زۆرباشی بەدەستهێنا و ئەمە چاوەڕواننەکراو نەبوو، کاتێک سەیری ناوی یاریزانەکان دەکەیت، بەڵام ئەوەی زیاتر دڵخۆشم دەکات بەشداریکردنی سێ یاریزانی سعودی بوو بەشێوەی سەرەکی، ئەوانیش سالم دوسەری، حەسەن تەمبەکتی و ناسڕ دوسەرین کە بەلای منەوە ئەمە گرنگترین شتە."
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، لە سێیەم یاریی قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە جامی کۆنکاف، هەڵبژاردەی سعودیە کاژێر 02:00 بەرامبەر ترینداد تۆباگۆ یاری دەکات و بەبردنەوە و یەکسانبوون لە یارییەکەدا سعودیە دەگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ