رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، باس لەوە دەکەن کە سێ لە ئەستێرە گەورەکانی بارسێلۆنا دژی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسین بۆ ریزەکانی تیپەکەیان، کە دەکرێت ماوەی چەند مانگێک بەشێوەی خواستن بگەڕێتەوە.
پۆستێکی لیۆ مێسی لە ئینستاگرام کە سەردانیکردنی یاریگای کامپ نۆ نیشان دەدات، مشتومڕێکی بەرفراوانی دروست کرد، کە وایکرد قسەکردن لەسەر گەڕانەوەی ئەگەری بۆ بارسێلۆنا دووبارە بێتەوە سەر زار. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە تا راددەیەک دوورە لە روودان، بەڵام کاردانەوەی هەندێک لە یاریزانەکان لەگەڵ پۆستەکەدا گریمانەکانی لەسەر ئەگەری بینینی لیۆ گەڕانەوەی بۆ یانەی کەتەلۆنی زیاترکرد.
بەخێرایی پۆستەکە بوو بە گرنگترین بابەتی رۆژ، و هەندێک کەس دەستیان کرد بە پرسیارکردن لە راستیی گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا. جۆشوخرۆشی لە بەشی کۆمێنتەکانی سەر وێنەکەدا دەرکەوت، چونکە زۆر لە هاندەران داوایان لە ئەستێرەی ئەرجەنتینی کرد کە بگەڕێتەوە ماڵەوە. ئەوەی بابەتەکەی سەرنجڕاکێشتر کرد، لایککردنی پۆستەکە بوو لەلایەن چەندین یاریزانی ئێستای بارسا، وەک دانی ئۆلمۆ، فێرمێن لۆپێز، رافینیا و گاڤی، جگە لە ئەکاونتی فەرمی یانەکە.
بەڵام، ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێشە، بێدەنگی هەندێک لە یاریزانە گەورەکانە کە پێشتر لەگەڵ مێسی یارییان کردووە، وەک پێدری، مارک ئاندرێ تێر شتیگن و رۆناڵد ئاراوخۆ. لەکاتێکدا هەندێکیان لایکیان کردبوو، ئەوانی دیکە بێدەنگیان هەڵبژارد و هیچ کاردانەوەیان لەگەڵ پۆستەکەدا نەبوو، کە ئەمەش پرسیاری لەسەر هەستیان بەرامبەر گەڕانەوەی مێسی بۆ یانەکە دروست کرد.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژناماڤانییەکان، ئەو سێ یاریزانە لەگەڵ بیرۆکەی گەڕانەوەی مێسی نین بۆ تیپەکەیان.
سەبارەت بە تێرشتیگن کە بۆچی نایەوێت مێسی بگەڕێتەوە ئەوەیە کە گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە، کە یەکێکە لە یاریزانە گرانبەهاکانی تیپەکە، لە دۆخێکی سەختدایە دوای گرێبەستکردن لەگەڵ خوان گارسیادا لە هاویندا، چونکە رۆڵی لە تیپەکەدا خراوەتە ژێر هەڕەشەوە. سەرەڕای ئەوە پەیوەندییەکەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یانەکە، بەتایبەتی سەرۆک خوان لاپۆرتا و دیکۆ، لە قۆناخێکی گرژدایە و دەکرێت بوونی مێسی وابکات بارسا بیر لە فرۆشتنی گۆڵپارێزەکە بکاتەوە.
سەبارەت بە پێدری و ئاراخۆ، سەرەڕای هەندێک بێدەنگی گوماناوی لەلایەن ئەو دوو یاریزانەوە، وادیارە هۆکارەکانی پشت ئەمە روون نین. لەوانەیە ئەوان دوودڵ بن سەبارەت بە بیرۆکەی گەڕانەوەی مێسی، بەتایبەتی کە تیپی ئێستا هەوڵدەدات پەرەبسێنێت و گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەیدا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ