عێراق و ئیمارات یاریی مان و نەمان دەکەن

18-11-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن عێراق ئیمارات پاڵاوتنی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی یەکلاکەرەوەی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کیشوەری ئاسیا لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
 
لە یاریی گەڕانەوەی پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا، کاژێر 19:00 هەڵبژاردەی عێراق لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا لە بەسرە میوانداریی هەڵبژاردەی ئیمارات دەکات و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکان لەسەر ئاستی هەموو جیهان.
 
لە یاریی چووندا عێراق و ئیمارات یەکسانبوون، ئەم یارییە هەلی یەکسانبوونی تێدا نییە و پێویستە یەکێکیان یارییەکە بباتەوە بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکان، لە ئەگەری یەکسانبوونی یارییەکە هەردوولا پەنا دەبەنە بەر کاتی زیادکراو و لێدانی یەکلاکەرەوە بۆ دەرکەوتنی ئەو هەڵبژاردەیەی دەگاتە قۆناخی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال.
 
عێراق لە 1986ـەوە بەشداریی لە مۆندیالدا نەکردووە، 39 ساڵە هاندەرانی هەڵبژاردەکە چاوەڕێن بۆ ئەوەی تیپەکەیان بۆ جاری دووەم بگاتە مۆندیال.
 
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق، هەریەکە لە مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم، ئوسامە رەشید، مارکۆ فەرەج یاریزانی کوردن لەگەڵ هەڵبژاردەکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال.
 
هەڵبژاردەی ئیمارات، 35 ساڵە نەگەیشتووەتە مۆندیال، دەیەوێت ئەوەی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا پێی نەکرا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەسرە بیکات بۆ ئەوەی هەلی گەیشتن بە جامی جیهانیی 2026ـی لەدەست نەچێت.
 
هەڵبژاردەی ئیمارات دوو رۆژە لە بەسرەیە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و تیپەکە بۆ رکابەریکردنی هەڵبژاردەی عێراق ئامادەیە و سەرجەم یاریزانەکانی بۆ یارییەکە ئامادەن.
 
ئیمارات لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا شێوازێکی نوێی تۆپی پێی پەیڕەو کردووە و ژمارەیەکی زۆری یاریزانی لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە کردووەتە یاریزانی هەڵبژاردەکەیە، بە ئامانجی ئەوەی ئەنجام و دەستکەوتی باشتری هەبێت.
 
پێشتر هەردوو هەڵبژاردە 18 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، 6 جار عێراق سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 5 یاری لە بەرژەوەندی ئیمارات کۆتاییهاتووە و 7 جار یەکسانبوون، هەردوو هەڵبژاردە هەریەکەیان 16 گۆڵیان تۆمارکردووە.
 
براوەی ئەم یارییە دەگاتە قۆناخی کۆتایی پاشکۆیەکی جیهانی بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە مۆندیالی 2026.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە