رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕانەوەی لە پێکانێکی قورس، تێر شتیگن زەحمەتی دەبینێت لەوەی دووبارە بەشێوەیەکی سەرەکی لە بارسێلۆنا یاری بکات.
وەرزی رابردوو، تێر شتیگن تووشی پێکان بوو لە پشتی و بەوهۆیەوە بۆ ماوەی 3 مانگ لە یاریگەکان دوورکەوتەوە، لەو ماوەیەدا، یانەی بارسێلۆنا خوان گارسیا، گۆڵپارێزی پێشووی ئیسپانیۆلی گواستەوە ریزەکانی و بە ئاستە نایابەکەی هەمووانی سەرسامکرد، ئەو گۆڵپارێزە ئیسپانییە، شوێنی خۆی وەک گۆڵپارێزی یەکەمی بارسێلۆنا گرت و چەند جارێک، هانزی فلیکی راهێنەریش ئەوەی دووپاتکردەوە.
تێر شتیگن دەیەوێت لە مۆندیالی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەشداربێت، بۆیە پێویستە سەرەکی بێت لە یانەکەی بۆ ئەوەی بانگێشت بکرێت بۆ هەڵبژاردەکەی، لەبەرئەوە دەیەوێت بەخواستن رووبکاتە یانەیەکی دیکە و لەوێ سەرەکی بێت.
بارسێلۆنا ئامادەیە رێگەی بدات بەخواستن یانەکە جێبهێڵێت، بەمەرجێک یانە نوێیەکەی ئامادەبێت تەواوی مووچەکەی بدات کە 6.3 ملیۆن یۆرۆیە.
ئایاکس ئامستەردامی هۆڵەندی، پرسیان بە بارسێلۆنا کردووە بۆ گواستنەوەی ئەو گۆڵپارێزە بەخواستن تاوەکو کۆتایی وەرز، بەڵام کاتێک بڕی مووچەکەیان زانیوە، راستەوخۆ پاشگەزبوونەتەوە.
لە پرێمەرلیگیش گرنگی بەو گۆڵپارێزە دەدرێت، یانەکانی مانچێستەر یونایتد، تۆتێنهام و نیوکاسڵ یونایتد گرنگییان بە تێر شتیگن داوە و بیریان لە گواستنەوەی کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ گواستنەوەی.
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێت، بارسێلۆنا پەلەی نییە لە فرۆشتنی تێر شتیگن، بەڵام ئەگەر دەستەوارەیەکی گونجاو هەبێت، ئامادەن رێخۆشکەر بن بۆ رۆیشتنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ