رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئایندهۆڤن بووە پاڵەوانی خولی هۆڵەندا و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە یانەی سپارتا رۆتەردام بردووەتەوە.
لە دوایین گەڕی رکابەرییەکانی خولی هۆڵەندا، یانەی ئایندهۆڤن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی سپارتا رۆتەردام یاریی کرد. دوای بیست و حەوت خولەک یاریکردن، ئیڤان پێریشیچ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی میوان تۆمار کرد و بە ئەنجامی 0-1 پێشەنگی بۆ پی ئێس ڤی کۆتایی هات.
لە خولەکی پەنجا و دوودا، گیڤای زێکێڵ ئەنجامەکەی بۆ سپارتا رۆتەردام یەکسان کردەوە، بەڵام تەنیا شەش خولەک دوای ئەوە، لووک دی یۆنگ جارێکی دیکە تۆڕی سپارتای هەژاند و ئایندهۆڤنی کردە خاوەنی گۆڵی دووەم.
لە خولەکی هەشتا و چواردا مالیک تیلێمان گۆڵی سێیەمی بۆ ئایندهۆڤن تۆمار کرد و یانەکەی بە تەواوی لە بردنەوەی ناسناوەکە نزیک کردەوە.
ئایندهۆڤن بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و بە شێوەیەکی فەرمی و بە حەفتا و نۆ خاڵ بە جیاوازی تەنیا یەک خاڵ لەگەڵ ئایاکس بووە پاڵەوانی خولی هۆڵەندا.
بردنەوەی ناسناوی خولی هۆڵەندا لەلایەن ئایندهۆڤنەوە لە کاتێکدایە، پێنج گەڕ پێش کۆتایی هاتنی خولەکە یانەکە لە دوای یانەی ئایاکسەوە بوو، بەڵام کە خولەکە کۆتایی هات ئایندهۆڤن بە جیاوازی خاڵێک پێش ئایاکس کەوت و بووە پاڵەوان.
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکەش، لووک دی یۆنگ و هاوڕێکانی بە بۆنەی بردنەوەی ناسناوەکەوە ئاهەنگیان گێڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ