رووداو دیجیتاڵ
لە لووتکەی تەندروستی جیهاندا لە بەرلین، خانمە وەزیری تەندروستی ئەرجەنتین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە ئەرجەنتین بۆ خەڵکەکەمان مێسی لە تەندروستی گرنگترە".
لە میانەی بەشداریکردنی لە لووتکەی تەندروستی جیهاندا لە بەرلین، د.ئاراس برادۆستی، پێشکێشکاری رووداو و سەرۆکی لوتکەی تەندروستی کوردستان چەند پرسیارێکی ئاراستەی د. کارلا ڤیزۆتی، وەزیری تەندروستی ئەرجەنتین کرد، لە وەڵامی ئەوەی لە ئەرجەنتین مێسی گرنگترە یان تەندروستی؟ د.کارلا بە رووداوی گوت "لە ماوەی مۆندیالدا بۆ خەڵکی ئێمە مێسی گرنگترە لە تەندروستی، بەڵام سەبارەت بەخۆم، هەمیشە تەندروستی لای من گرنگترین شتە".
لە رۆژی 16-10-2022 لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەستیپێکردووە و هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی فەرمی بانگهێشتی لووتکەکە کراوە و شاندی لووتکەی تەندروستی کوردستان تێیدا بەشدارە.
لە لووتکەکەدا هەریەکە لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتیی دیکە بەشداریان تێداکرد.
لووتکەکە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخەرانی لووتکەکە بەڕێوەدەبرێت و تێیدا 300 قسەکەر لە سەرتاسەری جیهانەوە گوتار لەبارەی دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکانیان پێشکێش کرد، کە لەنێو ئەو قسەکەرانەشدا 40 پسپۆڕی تەندروستی قسەیان کرد و دید و پەیامی خۆیان خستەڕوو، دیبەیت و وۆرکشۆپ رێکخران و ژمارەیەک کۆبوونەوەش لە پەراوێزی لووتکەکەدا ئەنجام دران.
ئەمساڵ بۆ جاری سێیەم لەسەریەک لووتکەی تەندروستیی کوردستان بەفەرمی بانگهێشتی لووتکەکە کرا. دکتۆر ئاراس برادۆستی، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و پێنج ئەندامی بۆردی لووتکەی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ