ڤینیسیۆس و کۆرتوا پلەیان بەرزدەکرێتەوە

20-07-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-



رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دوای رۆیشتنی لوکا مۆدریچ و لوکاس ڤازکێز، دوو کاپتنی نوێی بۆ پێکهاتەی کاپتنەکانی یانەکەی زیادکرد و هەردوو ئەستێرەی دیاری یانەکەی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و تیبۆ کۆرتوای بۆ ئەو ئەرکە دەستنیشانکرد.


دوای ئەوەی لوکا مۆدریچ، کاپتنی پێشووی یانەکە، گرێبەستێکی یەک ساڵەی لەگەڵ یانەی ئەی سی میلان واژۆ کرد و لوکاس ڤازکێزیش ماڵئاوایی لە یانەی شاهانە کرد، دوو شوێن لە لیستی کاپتنەکاندا بە بەتاڵی مانەوە. بەهۆیەوە، شەرەفی کاپتنی یەکەمی یانە شاهانەکە بەخشرایە دانی کارڤاخال، بەرگریکاری راستی یانەکە، کە وەرزی رابردوو بەهۆی پێکانێکی قورس لە بەستەرەکانی ئەژنۆیدا زۆربەی یارییەکانی لەدەستدا.

ڤینیسیۆس و کۆرتوا ماوەیەکی زۆرە دوو دەنگی دیار و کاریگەرن لەنێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، ئێستاش بە فەرمی چوونەتە نێو لیستی کاپتنەکانەوە. ریزبەندی نوێی کاپتنەکانی یانەکە بەمشێوەیە دەبێت: یەکەم دانی کارڤاخال، دووەم فێدێریکۆ ڤالڤێردی، سێیەم تیبۆ کۆرتوا و چوارەم ڤینیسیۆس جۆنیۆر. بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەیەکی ئیسپانی، بڕیارەکە لەلایەن بەرپرسانی یانەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکە دراوە.

سەرەڕای ئەوەی ڤینیسیۆس کراوەتە یەکێک لە کاپتنەکانی یانەکە، هێشتا داهاتووی لەگەڵ ریال مەدرید بە تەواوی روون نییە. گرێبەستەکەی لە ساڵی 2027 کۆتاییدێت و تاوەکو ئێستا گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە، لە کاتێکدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە یانەیەکی خولی سعودی هەوڵی گواستنەوەی لە هاوینی ئەمساڵدا بدات.

ریال مەدرید کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ یەکەم یاریی خۆی لە وەرزی نوێی لالیگادا، کاتێک لە یاریگای خۆیدا میوانداریی یانەی ئۆساسۆنا دەکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت تاوەکو ئەو کاتە چەندین جووڵەی دیکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا ئەنجام بدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە