رووداو هەولێر
یەکێتیی بالەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی بالەی خانمانی یانە نایابەکانی عێراق لە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر بەڕێوەدەبات.
یارییەکانی رۆژی 25ـی ئەم مانگە بەبەشداری 6 یانەیە و پێنج رۆژ دەخایەنێت، کە لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی ئەکاد عەنکاوە بەڕێوەدەچێت، کە ئەو یانەیە میوانداریی خولەکەیە، یانە بەشدارەکان بریتین لە: ئەکاد عەنکاوە، سەنحاریب، ئەفرۆدێت، ئەمانە بەغدا، قەرەقۆش و دەربەندیخان.
ساسان گورگیس، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی ئەکاد عەنکاوە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "بەشێوەیەکی زۆر باش هۆڵەکەمان بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکانی خولی نایابی بالەی عێراق ئامادەکردووە، تارتانی هۆڵەکەمان گۆڕیوە و شوێنی میوانداریی و هاندەرانیشمان زیاتر کردووە، دەمانەوێت پیشانی هەمووان بدەین کە دەتوانین نەک تەنیا لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکو دەتوانین خول و پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیش بەڕێوەببەین".
خانمانی عەنکاوە پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی خولەکەن، وەرزی ئەمساڵ خاوەن راهێنەر و نۆ یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقن، تیپەکە دەیەوێت هاتریک لە بردنەوەی جامی خولەکە تۆماربکات.
لەکۆی شەش تیپی بەشداری خولەکە چواریان خانمانی کوردستانن، چاوەڕواندەکرێت جارێکی دیکە پلەکانی یەکەم تاوەکو سێیەمی خولەکە بۆ یانەکانی کوردستان بێت.
یارییەکانی رۆژی یەکەم بەمشێوەیەن:
ئەفرۆدێت - دەربەندیخان
سەنحاریب - قەرەقۆش
ئەکاد عەنکاوە - ئەمانە بەغدا
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ