رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، هێشتا بەتەواوی چاکنەبووەتەوە و زەحمەتە بەشداری لە یاریی دووەمی ریال مەدریددا بکات لە مۆندیالی یانەکاندا.
بەر لە ئەنجامدانی یەکەم یاریی لە مۆندیالی یانەکاندا بەرامبەر یانەی هیلال بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کیلیان ئێمباپێ، تووشی ڤایرۆسێک بوو ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، ئێمباپێ تووشی هەوکردنێکی تووندی گەدە و ریخۆڵە بووە و پێویستی بە چاودێریی پزیشکیی ورد هەیە. سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەڕانەوەی بۆ باری ئاسایی خۆی، زیاتر لە هەفتەیەکی پێویستە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یاریزانەکە رۆژی هەینی نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە و لە هۆڵی وەرزشیدا بەتەنیا دەستی بە مەشقکردن کردووەتەوە، بەڵام زەحمەتە ئەو یاریزانە بتوانێت بەرامبەر یانەی پاچوکای مەکسیکی یاری بکات.
کیلیان ئەمڕۆش هاوشێوەی چەند رۆژی دیکە بەشداری لە مەشقەکانی یانەی ریال مەدریددا ناکات، مەگەر لە چەند کاژێری داهاتوودا دۆخی یاریزانەکە بەتەواوی بگۆڕێت، بەمەش شەوی یەکشەممە لە دووەم یاریی ریال مەدریدیشدا هاوشێوەی یاریی یەکەم ئەو یاریزانە نابینرێت.
میدیای ئیسپانی دەڵێت "ئێمباپێ رەنگە ناوی لە لیستی یاریزانانی ریال مەدریددا نەبێت و ئەگەری هەیە بۆ ئەو یارییە لەگەڵ یانەکە گەشتیش نەکات."
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، کیلیان ئێمباپێ بۆ یاریی سێیەمی ریال مەدرید لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر یانەی سالزبۆرگ بەتەواوی ئامادەبێت و دەتوانێت بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
ریال مەدرید لە یاریی یەکەمیدا لە مۆندیالی یانەکاندا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی یەکسانبوو، شەوی یەکشەممە کاژێر 22:00 دووەم یاریی خۆی ئەنجامدەدات و رووبەڕووی یانەی پاچوکای مەکسیکی دەبێتەوە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ