ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دەیەوێت زیاتر لە بردنەوەی لالیگا نزیکببێتەوە

22-04-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی لالیگا دەستپێدەکەن، یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی خولەکە نزیکببێتەوە، بەرلەوەی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامدەدات.
 
ئەمشەو بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ریال مایۆرکا دەکات و دەیەوێت سێ خاڵی دیکە بباتەوە و شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بەهێزتربکات، دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەزەحمەت لە سێلتا ڤیگۆی بردەوە.
 
ئەم یارییە بۆ بارسا دووجار گرنگە، هەم بۆ ئەوەی زیاتر لە بردنەوەی خولەکە نزیکببێتەوە، هەمیش بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ئامادەبێت کە رۆژی شەممە بەرامبەر ریال مەدرید رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکات.
 
بارسێلۆنا لە 26 یاریی رابردوودا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، ئەویش یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بوو بەرامبەر دۆرتموند، بەڵام یانەکە هەر سەرکەوت، لە 2025 تیپەکە لە لالیگادا نەدۆڕاوە و ئەمشەو دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
ریال مایۆرکا لەم وەرزەدا ئەنجامەکانی باشن، سەرەڕای ئەوەی یاریی یەکەمی لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر پێنج گۆڵ بە بارسێلۆنا دۆڕاندبوو، بەڵام چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە، لەکاتێکدا یانەکە لە پلەی حەوتەمە و هەلی رکابەریکردنی بۆ گەیشتن بە پاڵەوانێتییەکی کیشوەریی هەیە.
 
یارییەکە کاژێر 22:30 بەڕێوەدەچێت، لە 2009ـەوە بارسێلۆنا 15 یاریی بەرامبەر مایۆرکا ئەنجامداوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە