رووداو دیجیتاڵ
بەردەوامبوون لەسەر هەنگاوە دروستەکان و درێژەدان بە سەرکەوتنەکان، ئامانج و دروشمی یانەی ریال مەدریدە بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر بە یانەی ریال مایۆرکا.
یانەی ریال مەدرید لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری یانەی ریال مایۆرکا دەکات، کە ئەم یانەیە تاوەکو ئێستا ئاستێکی مامناوەند لە دەستپێکی خولەکەدا پێشکێشدەکات.
ریال مەدرید لیستی یاریزانەکانی بۆ یارییەکەی ئەمشەو راگەیاند و چەند ئەستێرەیەک دابڕاون و یەک یاریزانیش کە لە پێکان چاکبووەتەوە گەڕاوەتەوە نێو لیستەکەی کارلۆ ئانچیلۆتی.
هەریەکە لە مارسێلۆ، بەیڵ، کرووس، مێندی و کارڤاخال لە دەرەوەی پێکهاتەی ریال دەبن، بەڵام ماریانۆ دیاز دوای دابڕانێکی زۆر دەگەڕێتەوە و ئامادەیە بۆ یاریکردن ئەگەر بۆ چەند خولەکێکیش بێت.
یانەی ریال مەدرید یارییەکەیان بەرامبەر بە مایۆرکا لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێت کە ئەمە دووەمجارە لەم وەرزەدا یاری لەسەر ئەو یاریگەیە دەکەن، لە یاریی یەکەمدا شکستێکی گەورەیان دووچاری یانەی سێلتا ڤیگۆ کرد و پێنج گۆڵیانلێکردن.
لە بەرامبەردا یانەی ریال مایۆرکا بە سەرکردایەتیی لویس گارسیای راهێنەر و تاکیفوسۆ کوبۆی ژاپۆنی کە لە بنەڕەتدا یاریزانی ریالە ئەم یارییە دەکەن، هەرچەندە مێژوو لە بەرژەوەندی ئەم تیپە نییە و لەدوایین 5 سەردانیاندا بۆ مەدرید تووشی شکستبوون بەرامبەر بە ریال.
مایۆرکا لە مێژووی خۆیدا لە خولی ئیسپانیا هەرگیز هێندەی ریال مەدرید بەهیچ یانەیەکی دیکە نەدۆڕاوە، ئەوان 37 جار بە ریال دۆڕاون کە 22ـیان لە خاکی مەدرید بووە.
کارلۆ ئانچیلۆتی لەگەڵ ریال مەدریددا باش راهاتووە، ئاخر ئەو کە ویلایەتیی دووەمی کارکردنییەتی لە یانەکەدا لە 5 یاریی سەرەتای ئەم وەرزە خاوەنی 13 خاڵە، خۆ ئەگەر بێت و یارییەکەی ئەمشەو بباتەوە، دەبێتە باشترین دەستپێکی ریال مەدرید لەوەتەی ساڵی 2013ـەوە کە هەر خۆی تۆماریکردبوو، ئەوەشمان بیرنەچێ کە ریال مەدرید 23 یاریی لەسەریەک لە خولی ئیسپانیا دۆڕانی نییە و 17 سەرکەوتن و 6 یەکسانبوونی تووشبووە. یارییەکەی ئەمشەو لە کاژێر 23:00 دەبێت بە ناوبژیوانێتیی خاڤیێر ئالبێرۆلا رۆخاسی30 ساڵان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ