رووداو دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، لە قەتەر پەسنی دەستەڵاتدارانی ئەو وڵاتەی دا، بۆ ئەو ئامادەکارییەی بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2022ـە قەتەر کردووە.
ئینفانتینۆ، سەرەتا وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی ئەو کرێکارانە دایەوە، کە بەشداری لە دروستکردنی یاریگەکان مۆندیالدا دەکەن و گوتی "سەبارەت بە مافی کرێکارەکان لە قەتەر، بۆ من نییە کە ئەوە باس بکەم من سەرۆکی فیفام کە رێکخراوێکی وەرزشییە، بۆ ئەو بابەتە چاودێریی نێودەوڵەتی و رێکخراوی جیهانی هەن کە قسەی لەسەر بکەن، بەڕای من دەبێت پشتگیری و هانی وڵاتانی وەک قەتەر بدرێت لە کەنداو و بەشەکانی دیکەی جیهاندا بۆ گۆڕانکاریکردن لە پاراستنی مافی مرۆڤدا".
سەرۆکی فیفا، هەروەها گوتی "ئێستا من بەشداریم لە رێکخستنێکدا کرد کە پێشتر نەمدیبوو، پێش دەستپێکی مۆندیال سەرجەم یاریگەکان ئامادەن کە بە باشترین کوالێتی دروستکراون، ئەوە جوانە، ئامادەکارییان بەردەوامن، بەدڵنییایەوە کۆمەڵێک کاری زۆر ماوەن کە دەبێت تەواوبکرێن، رێگاوبان، هۆتێلەکان، بەوەی کە ئێستاش هەیە دەتوانین لە قەتەر پێشوازی لە جیهان بکەین".
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئینفانتینۆ گوتی "زۆر کەس هەبوون کە پشتگیری قەتەریان دەکرد، زۆر کەسیش هەبوون کە دژی بوون، بابەتەکە پەیوەندی بەوەوە نییە کێ پشتگیری دەکات و کێ دژییەتی، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چۆن بتوانین هەموومان یەکبگرین و تۆپی پێ پێشکێشی جیهان بکەین، ناتوانین بە هەموو وڵاتانی جیهان بڵێین پارەکانتان بێنن و لە ماڵەوە دانیشن و سەیری ئێمە بکەن بزانن چۆن یاری دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ