ئیحسان تاهیر
دوای بردنەوە گەورەکەی ریال مەدرید لە یانەی سالزبۆرگی نەمسایی، زۆر لە هاوڕێیان بە تەلەفۆن و لە رێگەی فەیسبووکەوە لێیان پرسیوم، ئایا ریال مەدرید دەتوانێت لە تۆپ هەشت بێت؟ واتا یەکێک بێت لەو 8 تیپەی راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ؟
لە راستیدا لە رووی بیرکارییەوە ئەگەرێک هەیە بۆ ئەوەی ریال مەدرید راستەوخۆ بگاتە قۆناخی 16، بەڵام زۆر زەحمەتە و نزیکە لە مەحاڵ، چونکە مێرینگێ پێویستی بە پەرجوویەک یان بە سیناریۆیەکی شێتانەیە بۆ ئەوەی لە تۆپ هەشت بێت..
چۆن؟
ریال مەدرید لە ئەگەری بردنەوەی یاریی داهاتووی بەرامبەر برێست، جێگەی خۆی لە هەشت باشترینەکان دەکاتەوە، بەڵام بەیەک مەرج، کە بریتییە لەوەی ئەو 8 یانەیەی ئێستا لە تۆپ هەشتن لە یارییەکانی گەڕی داهاتوویاندا خاڵەکانیان لەدەست بدەن.
ئەو یانانەی کێبڕکێ لەگەڵ ریال مەدرید دەکەن بۆ سەرکەوتنی راستەوخۆ بریتین لە بایرن میونشن، بۆرووسیا دۆرتموند، فاینۆرد، لیل، مۆناکۆ، ئاستۆن ڤێلا، بایەرلیڤەرکوزن و ئاتالانتا، ئەو یانانەن کە پلەی 7 تاوەکو 15ـەی ریزبەندییان گرتووە و پێش ریال مەدرید دێن، کە شانزدەمی ریزبەندییە.
ئاتالانتا بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ پلەی حەوتەمی گرتووە، دوای ئەویش لیڤەرکوزن، پاشان ئەستۆن ڤێلا، مۆناکۆ، فاینۆرد، لیل و دواجار برێست، ئەم شەش یانەیە 13 خاڵیان هەیە. ئینجا دۆرتموند و بایرن میونشن بە 12 خاڵ، کە هەمان ژمارەی خاڵەکانی ریال مەدریدە، بەڵام بەجیاوازی گۆڵ لەپێش مێرینگێ دێن..
بزانە چی؟
لەڕووی بیرکارییەوە هیچ کام لەو تیپانەی سەرەوە جگە لە لیل و فاینۆرد بەرامبەر بە یەکدی یاری ناکەن و ئەگەر یەکسان بن و ریال مەدرید بەرامبەر برێست سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، هەریەکەیان 14 خاڵیان دەبێت، لەکاتێکدا ریال مەدرید دەبێتە خاوەنی 15 خاڵ، بەڵام ئەوکاتیش بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لیڤەرپوول، بارسێلۆنا، ئارسیناڵ و ئینتەرمیلان لە سەروو 16 خاڵیان هەیە و ریال مەدرید ناتوانێت شوێنیان بگرێتەوە، دەبێت ئاتلێتیکۆ مەدرید، میلان و ئاتالانتاش بدۆڕێن، لەکاتێکدا ئەرکی ئاتلێتیکۆ و میلان زەحمەت نییە، کە بەرامبەر سالزبۆرگ و دینامۆ زاگریب یاری دەکەن، ئاتالانتاش رووبەڕووی بارسا دەبێتەوە.
هەروەها پێویستە بایەرلیڤەرکوزن، ئاستۆن ڤێلا، مۆناکۆ، بایرن میونشن، بۆرووسیا دۆرتموند و ئاتالانتاش بدۆڕێن یان لانیکەم یەکسان بن بۆ ئەوەی ریال مەدرید سەربکەوێت..
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ