ریال مەدرید لە قەیرانێکی گەورەدایە و پارەی پێنەماوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید پێش بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان رووبەڕووی دۆخێکی دارایی هەستیار بووەوە، بەپێی راپۆرتە داراییەکان یانەکە تەنیا 3.4 ملیۆن یۆرۆ لە خەزێنەکەیدا مابوو. ئەم دابەزینە گەورەیە دوای ئەوە دێت یانەکە لە هاوینی رابردوو بڕی 120 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی دین هاوسن و فرانكۆ ماستانتونۆ خەرجکرد، هاوکات تێچووی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر دارایی یانەکە.
 
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، ریال مەدرید تا 31ـی مانگی 12ـی 2025، بڕی 3.4 ملیۆن یۆرۆی لەبەردەستدا بووە، لە کاتێکدا شەش مانگ پێش ئەو بەروارە بڕی 175.8 ملیۆن یۆرۆ لە خەزێنەی یانەکەدا هەبوو. یانە مەدریدییەکە هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی یاریگە و کڕینی یاریزانە نوێیەکان دەگەڕێنێتەوە، ئاماژە بەوەش دەکەن زۆربەی پارەدانەکان لە نیوەی یەکەمی وەرزدا کۆدەبنەوە کە ئەوە دەبێتە کێشە بۆ یانەکە.
 
داهاتی یانەکە لە نیوەی یەکەمی وەرزدا گەیشتووەتە 571 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش بە بڕی 18.5 ملیۆن یۆرۆ کەمترە بەرامبەر هەمان ماوەی ساڵی 2024. هۆکاری ئەم دابەزینە بۆ کەمبوونەوەی فرۆش لە فرۆشگاکان و ئەنجامنەدانی کۆنسێرتەکان لەناو یاریگە دەگەڕێتەوە. قازانجی یانەکەش بۆ 5.2 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە، لە کاتێکدا ساڵی پێشوو 29.4 ملیۆن یۆرۆ بووە، هۆکارەکەشی بۆ زیادبوونی مووچەی یاریزانان دەگەڕێتەوە.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە پەنای بۆ وەرگرتنی قەرزی بانکی بردووە. قەرزی بانکەکان لەسەر یانەکە گەیشتووەتە 117.5 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی کورتخایەن، کۆی گشتی قەرزەکانی یانەکەش بە تێچووی بێرنابیۆوە دەگاتە 1،780 ملیۆن یۆرۆ کە تا ساڵی 2053 دەبێت بدرێتەوە.
 
سەرۆکی ریال مەدرید پلانێکی نوێی بۆ رزگارکردنی یانەکە هەیە، ئەویش گۆڕینی سیستمی یاسایی یانەکەیە بۆ ئەوەی رێگە بە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت بدات پشکی کەمینە (5% بۆ 10%) بکڕن و نەختینە بۆ یانەکە دابین بکەن. هەروەها پڕۆژەی "ناوچەی داهێنانی مەدرید" لە ڤاڵدێبێباس یەکێکی دیکەیە لەو پلانانەی یانەکە دەیەوێت لێی سوودمەند بێت.
 
لە لایەکی دیکەوە، ریال مەدرید لەگەڵ کۆمپانیای سیکس ستیری ئەمریکی گەیشتووەتە رێککەوتنێکی نوێ بۆ درێژکردنەوەی ماوەی وەبەرهێنان لە یاریگە تا ساڵی 2043، بەڵام کۆمپانیاکە بڕی 32.5 ملیۆن یۆرۆی بەهۆی دواکەوتنی کردنەوەی فەرمی یاریگەکەوە بۆ یانەکە خەرج نەکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە