رووداو دیجیتاڵ
خەونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕ بۆ بردنەوەی یەکەم نازناو لەگەڵ یانەکە نەبووە راستی و نازناوی جامی سوپەری سعودیەی لەدەستدا.
لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودیەدا کە یارییەکانی لە هۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوون، هەردوو یانەی نەسڕ و ئەهلی رووبەڕووی یەکبوونەوە و یانەی ئەهلی بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە نازناوەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
لە خولەکی 41 کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەلێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی نەسڕ تۆمارکرد و تیپەکەی پێشخست، بەڵام زۆری نەبرد فرانک کیسێ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و نیوەی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر گۆڵی یەکدی بەردەوامبوو، دوای لەدەستدانی چەند هەلێک لەلایەن هەردوولاوە، لە خولەکی 82 مارسێلۆ برۆزۆڤیچ گۆڵی دووەمی بۆ نەسڕ تۆمارکرد و یانەکەی زیاتر لە بردنەوەی نازناوەکە نزیککردەو، بەڵام بەر لە تەواوبوونی کاتی ئاسایی یارییەکە لە خولەکی 88 رۆجێر ئیبانێز ئەنجامەکەی بەلێدانی سەر بۆ ئەهلی یەکسانکردەوە.
یارییەکە بەیەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات و هەردوو تیپ روویانکردە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، لەلێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا ئەهلی بە 5-3 یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوان.
بەمەش کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕ نازناوێکی دیکەیان لەدەستدا و دۆن نەیتوانی یەکەم نازناوی فەرمی بەدرێسی زەردی یانەکەوە بباتەوە و خەونەکەی نەبووە راستی.
یانەی ئەهلی بۆ جاری دووەم نازناوی جامی سوپەری سعودیەی بەدەستهێنا و ژمارەی نازناوەکانی لەگەڵ نەسڕ لەو پاڵەوانێتییەدا یەکسانکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ