رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوەی پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بێنفیکا یاریی ناکات و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەن.
لە دوایین مەشقەکانی ریال مەدریددا بۆ یارییەکەی بەرامبەر بێنفیکا، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کیلیان ئێمباپێ، مەشقەکانی پێ تەواو نەکرا و بە ئەگەری زۆرەوە بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا ناکات.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ئێمباپێ یاریی ناکات، هۆکارەکەی ئەوەیە تووشی پێکانبووە، بەستەری بەشی دەرەوەی ئەژنۆی و بەو هۆیەوە نەیتوانیووە مەشقەکان تەواو بکات."
زە ئاتلێتیک لە مانگی 12ـی ساڵی رابردووە کیلیان ئێمباپێ لە ئەژنۆی چەپیدا هەست بە ئازار دەکات، دوایین دوو یاریی یانەکەشی بە ئازارەوە ئەنجامداوە و لە یاریی رابردووی بەرامبەر بێنفیکا بە پێکانەوە یارییکردووە."
لە دوایین مەشقەکاندا ئێمباپێ هەستی بە ئازار کردووە و دەستەی پزیشکیش گەشبین نین بۆ ئەوەی یاریزانەکە یاریی بکات.
کادینا سێر دەڵێت "ئێمباپێ نایەوێت مەترسی لەسەر خۆی دروستبکات، بەتایبەت کە بیر لە مۆندیال دەکاتەوە، بۆیە بەرامبەر بێنفیکا یاریی ناکات و ئەگەری هەیە یاریی داهاتووی لالیگاش بەرامبەر خێتافی بەشداری نەکات."
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "ئێمباپێ یەکەمجارە هەست بەم ئازارە دەکات، هەرکاتێک قورسایی بکەوێتە سەر ئەژنۆی چەپی ناتوانێت رابکات، هەرکاتێک بیەوێت بەخێرایی رابکات ئازاری دەدات، 6 هەفتەیە یاریزانەکە بە یەک قاچ یاریی دەکات و ناتوانێت زۆر سوود لە قاچی چەپی وەربگرێت."
لە یاریی چوونی پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید بە گۆڵێکی ڤینیسیۆس جونیۆر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دەیەوێت ئەمشەو لەنێو یاریگەی خۆی بگاتە قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ