رووداو دیجیتاڵ
لە کلاسیکۆیەکی پڕ لە هەڵچوون و رووداوی دراماتیکیی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە کاتی زیادکراودا و لە رێگەی لێدانێکی سزاوە، کە هەڵۆ فایق جێبەجێی کرد، سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر یانەی دهۆکدا بەدەستهێنا و سێ خاڵی یارییەکەی مسۆگەرکرد.
لە یاریی دواخراوی گەڕی 22ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگای خۆیدا میوانداریی یانەی دهۆکی کرد. گێمی یەکەمی یارییەکە ئاستێکی مامناوەندی بەخۆیەوە بینی و جگە لە وەرگرتنی کارتی زەرد لەلایەن مۆسێس لوکاسی یاریزانی دهۆک لە خولەکی 29، هیچ هەلێکی مەترسیدار تۆمار نەکرا و بە یەکسانبوونی بێ گۆڵ کۆتاییهات.
گێمی دووەم بە رووداوی جیاواز دەستیپێکرد. لە خولەکی 50، ناوبژیوان دوای گەڕانەوە بۆ ڤار، لێدانێکی سزای بۆ هەولێر هەژمارکرد و مستەفا قابیل گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد. دوای ماوەیەکی کەم، هەولێر بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی هەژاند، بەڵام ناوبژیوان بەهۆی ئۆفساید گۆڵەکەی ڕەتکردەوە.
یانەی دهۆک لە خولەکی 71 لە رێگەی کەریم عەبد دەروێشەوە بە جووڵەیەکی هونەریی جوان ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
لەکاتێکدا یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، ناوبژیوان کارتی سووری بەڕووی هاروون ئەحمەدی یاریزانی دهۆکدا بەرزکردەوە. لە کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، سەفین مەنسوور بە جووڵەیەکی تاکەکەسی توانی لێدانێکی سزا بۆ هەولێر بەدەستبهێنێت. هەڵۆ فایق بە سەرکەوتوویی لێدانەکەی جێبەجێکرد و گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ هەولێر تۆمارکرد و سێ خاڵی گرنگی پێبەخشین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ