بارسێلۆنا یاریی هەیە و 24 ساڵ لەمەوبەر بە رکابەرەکەی دۆڕاوە

25-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات و دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردنی ریال مەدریدی پێشەنگی ریزبەندی لالیگا بدات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولەکەدا، ئەمشەو کاژێر 22:30 بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ریال ئۆڤیێدۆ یاری دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
 
بلاوگرانا لە سەرەتای ئەم وەرزەوە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 4 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و چاوی لە درێژەدانە بە ئەنجامە باشەکانی بۆ ئەوەی لە رکابەریکردنی ریال مەدریدی پێشەنگ بەردەوامبێت و لە رکابەرییەکە دوور نەکەوێتەوە.
 
بارسا یارییەکە بەبێ گاڤی ئەنجامدەدات، دوای ئەوەی یاریزانەکە بەهۆی پێکان لە ئەژنۆی راستیدا نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامدرا و چەند هەفتەیەک دووردەکەوێتەوە، جگە لەوەش فێرمین لۆپێز بەهەمان هۆکارەوە دوو هەفتە لە یاریگەکان دادەبڕێت، جگە لەو دوو یاریزانە لامین یامالیش بەهەمان شێوەی یارییەکانی رابردووی یانەکە بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکەی هانزی فلیک بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەیە و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لە خولەکەدا تۆماربکات.
 
ئۆڤیێدۆ لە 5 یاریی رابردوودا چوار دۆڕاندن و بردنەوەیەکی هەیە، یانەکە ئێستا لە پلەی هەژدەیەمی لالیگایە بە کۆکردنەوەی تەنیا سێ خاڵ.
 
24 ساڵ لەمەوبەر لە لالیگادا هەردوو یانە دوایین یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە و ئۆڤیێدۆ ئەو کاتە لە یاریگەی بارسێلۆنا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە