رووداو دیجیتاڵ
عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان، پێیوایە فاتیمەی دایکی گەورەترین پشت و پەنای بووە و ئەو هۆکاری سەرەکی ئەوە بووە ببێتە یاریزانێکی پیشەگەر و تەنانەت دەڵێت "لە دایکم نەبووایە نەدەگەیشتمە سەر ستەیجی باڵۆندۆر و نەمدەتوانی خەڵاتە گرنگەکە بەرزبکەمەوە".
ئەستێرەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی، عوسمان دێمبێلێ بەر لە چەند رۆژێک خەڵاتی باڵۆندۆری 2025ـی بەدەستهێنا، دوای کێبڕکێ لەگەڵ لامین یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
ئەستێرە فەرەنسییەکە بگریانەوە خەڵاتەکەی وەرگرت و دایکی بانگهێشت کرد بۆ سەر شانۆ بۆ ئەوەی لە تەنیشتی بێت، وەک دانپێدانانێک بە رۆڵی گەورەی لە ژیانیدا.

دایکی دێمبێلێ کێیە؟
فاتیمە عوسمان دێمبێلێ دایکی ئەستێرە فەرەنسییەکەیە، هاوڵاتییەکی فەرەنسییە و رەچەڵەکی مۆریتانی و سەنیگالییە، ئەو هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی عوسمانی کوڕی بتوانێت لە ژینگەیەکی هەژاردا ببێتە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ و بتوانێت باڵۆندۆر بباتەوە.
فاتیمە دێمبێلێ کۆڵەکەی سەرەکی بوو لە ژیانی عوسماندا. فاتیمە وەک فرۆشیارێکی گەڕۆک بەسەختی کاری دەکرد بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکە، و یەکەم پشتگیریکار بوو بۆ عوسمان لە هەوڵەکانیدا بۆ بەدیهێنانی خەونی بوون بە یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێ.
فاتیمە لە منداڵییەوە کوڕەکەی بەڕێوەدەبات و ئاراستەکانی دیاری دەکات. لە منداڵییەوە ئیلهامبەخش و هاندەری بووە، لە منداڵییەوە بەباشی پەروەردەی کردووە و لە گەنجیدا لە لادان پاراستوویەتی، سەرەڕای ئەوەی لە ناوچەی نۆرماندی دەژیا، کە پڕبوو لە تووندوتیژی و لاساری لەلایەن گەنجانەوە.
عوسمان دێمبێلێ، فاتیمەی دایکی وەک پاڵەوانێکی راستەقینە وەسف دەکات، چونکە رۆژانە بۆ مەشقکردن لە یانەی مادێلین ئیڤرۆی لۆکاڵی و دواتر بۆ ئەکادیمیای یانەی رێن یاوەری دەکرد. براوەی باڵۆندۆر قوربانیدانە گەورەکانی دایکی بەرز دەنرخێنێت.
ئەستێرەی پاریس سانجێرمان لەبارەی دایکییەوە دەڵێت "دایکمم دەبینی لەپێناو مندا زۆر ماندوو دەبوو، ئەمەش وایلێکردم بەسەختی کاربکەم بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بم و شانازی پێوە بکەم".
هەر ئەوەندە نا، بەڵکو دایکی لە ساڵی 2021 وایکرد عوسمان هاوسەرگیری لەگەڵ ریما ئیدبوشی مەغریبی بکات و رەزامەندی لەسەر هاوسەرگیرییەکە دا، کە ئەو خانمەش توانیویەتی ژیانی عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی، بە تەواوی بگۆرێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ