ڤیدیۆ؛ ئەنچێلۆتی ئامانجەکەی لەگەڵ بەرازیل ئاشکرا کرد

27-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کارلۆ ئەنچێلۆتی
کارلۆ ئەنچێلۆتی
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل بەشێوەیەکی فەرمی، کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکەی بە میدیاکان ناساند و لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەکەش بۆ دوو یاریی داهاتوو راگەیێنرا.
 
ئەنچێلۆتی دوای ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە گەیشتە بەرازیل، شەوی رابردوو بەکاتی باشووری کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەکو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە ناسێنرا و درێسی زەرد و سپیی هەڵبژاردەکەی بەرزکردەوە.
 
گرێبەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی، لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل تاوەکو هاوینی ساڵی 2026ـە و هەموو ئامانجی هەردوولا ئەوەیە راهێنەرە ئیتاڵییەکە سەرکردایەتیی سیلیساو بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە رکابەرییەکەدا.
 
لیستی یاریزانانی هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە راگەیێنرا، هەریەکە لە نەیمار داسیلڤا و رۆدریگۆ بانگهێشت نەکراون، هەردووکیان پێکانیان هەیە و پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەر هەیە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ناساندنی کارلۆ ئەنچێلۆتیدا، 200 رۆژنامەڤان ئامادەبوون، ئەمەش سەرنجی هەمووانی راکێشا و یەکەمجارە پێشوازییەکی ئاوا گەورە لە راهێنەرێکی هەڵبژاردەکە دەکرێت.
 
ئەوەی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا زیاتر سەرنجی بەلای خۆیدا راکێشا، هاتنە سەر ستەیجی لویس فیلیپی سکۆلاری بوو، کاتێک درێسی سپی هەڵبژاردەی بەرازیلی پێشکێشی کارلۆ کرد و بەیەکەوە درێسەکەیان بەرزکردەوە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ناساندنەکەیەدا گوتی "سوود لە توانا گەورەکانی ئەم وڵاتە وەربگرن و لە باوەشی بگرن لەگەڵ ئەم یاریزانانە، کاربکەن بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەو بەهرەمەندانە، بۆ تاکە ئامانج، کە بردنەوەی مۆندیالە. من زۆر بە پەرۆشم بۆ بەرپرسیارێتی ئەو کارەی کە لە پێشمانە، دیارە سوپاسی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دەکەم کە منیان هێنایە ئێرە و ریال مەدریدیش کە رێگەی پێدام دانوستان لەگەڵ سی بی ئێف بکەم، زۆر زۆر دڵخۆشم".
 
راهێنەری نوێی بەرازیل زیاتر قسەیکرد و گوتی "من هەڵوێستی خەڵکی ئێرەم خۆشدەوێت، هەست بەوە دەکەم لە ماڵەوەم، پێموایە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی باشترین سوود لە خۆمان وەربگرین لە کارەکانماندا، وەک گوتم کارێکە بەرپرسیارێتییەکی زۆری لەسەرە، بەڵام کارێکی زۆر جوانە، چونکە ئێمە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیلین."
 
سامیر شاود، سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا قسەیکرد و گوتی "ئەمڕۆ مێژوو تۆماردەکەین، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل یەکێک لە باشترین راهێنەرەکانی جیهان دەکاتە راهێنەری هەڵبژاردەکەی، پیاوێک کە ئەزموونێکی زۆری هەیە و تۆپی پێی بەرازیلی خۆشدەدوێت و ئەزموونی زۆریشی لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکان هەیە، متمانەی تەواومان بە راهێنەرەکە و تیمەکەی هەیە و ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە بەرازیل بگەڕێنێتەوە ئەو شوێنەی کە هی خۆیەتی."



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە