رووداو-دهۆک
ئەمڕۆ گەنجێکی دهۆکی توانی بۆ یەکەمجار ریکۆردێکی نوێی جیهانی تۆمار بکات و بۆ ماوەی 55 کاژێر و 14 خولەک بۆکسین بکات. گەر رێکخراوی تۆماری جیهانی ناسراو بە گێنس ئەنجامەکە پشتڕاستبکاتەوە ئەوا دەبێتە خاوەنی ماوە درێژترین یاریی بۆکسێن لە جیهاندا.
مستەفا رەشیدی تەمەن 22 ساڵ خەڵکی دهۆکە، بە پێی رێکخەرانی تۆمارە جیهانییەکە، توانی بۆ ماوەی 55 کاژێر و 14 خولەک و 23 چرکە بەردەوام بێت لە وەرزشی بۆکسێن.
ئەمڕۆ پارێزگاری دهۆک فەرهاد ئەتروشی و خەڵکێکی زۆر لە شاری دهۆک سەردانی مستەفا رەشیدیان کرد وەک نیشاندانی پاڵپشتی بۆ ئەو وەرزشوانە.
کاتێک پەیامنێری رووداو پرسیاری لێکرد ئاخۆ خەوی دێت یان نا، مستەفا رەشید وەڵامی دایەوە و گوتی هەرچەندە خەوی دێت، بەڵام ئیرادەی بەهێزترە لە خەو. ئەو گەنجە وەرزشوانە پاش ئەو ریکۆردەی ئەمڕۆ تۆماری کرد، یەکسەر دەستی بە پشوو کرد و خەوت.
بەپێی رێکخراوی تۆماری جیهانی گێنس، گەنجێک بە ناوی ئازاد حەیدەریان لەشاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی 2018 توانی ببێتە خاوەنی ماوەدرێژترین بۆکسەری جیهان پاش ئەوەی توانی بۆ ماوەی 55 کاژێر و 10 خولەک و 4 چرکە بۆکسێن بکات.
مستەفا رەشید تەنها لەپاش دانپێدادانی ئەو رێکخراوە دەتوانێت ببێتە خاوەنی تۆمارێکی نوێ لەو بوارەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ