بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگدا یاری دەکات و ئەگەری هەیە بکرێتە دەرەوە

27-04-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەی چێڵسی یاریی دەکات و ئەگەری هەیە ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی خولەکە بکات.
 
ئەمشەو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر ئاستی خانمان، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەرامبەر یانەی چێڵسی ئینگلیزی یاریی دەکات و یارییەکە کاژێر 19:30 لەسەر یاریگەی ستامفۆرد بریچ بەڕێوەدەچێت.
 
لە یاریی چووندا بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاوە و جگە لە بردنەوەی یارییەکە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام ئەرکی زەحمەت دەبێت، بەتایبەت کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات.
 
تیپی خانمانی یانەی بارسێلۆنا، تیپێکی بەهێزە لە ماوەی سێ وەرزی رابردوودا دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوی وەرزی رابردووی بکات.
 
پێشتر تەنیا یانەکانی فرانکفۆرت و توربین پوتسدام لە وەرزی 2005-2006 توانیوویانە بگەنە قۆناخی داهاتوو، کاتێک لە یاریی چووندا دۆڕابوون، بارسێلۆنا دەیەوێت ببێتە سێیەم یانە ئەو کارە بکات و بگاتە یاریی کۆتایی.
 
هاندەرانی یانە لەندەنییەکە بەڕێژەیەکی زۆر دەچنە یاریگە بۆ ئەوەی پاڵپشتی تیپەکەیان بکەن بۆ ئەوەی رێگەی گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی تەواوبکەن.
 
بارسێلۆنا لە 38 یاریی رابردوودا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا تەنیا 1 یاریی دۆڕاندووە، ئەویش یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگە بەرامبەر یانەی چێڵسی.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی چێڵسی و بارسێلۆنا، لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و لیۆنی فەرەنسی یاریی دەکات، کە یاریی نێوان ئەو دوو یانەیە رۆژی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە