ئەلۆنسۆ بۆ یاریی ئەمشەو ڤینیسیۆس سزا دەدات؟

23-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای دەمەقاڵێی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ هەمووان چاوەڕێی ئەوەن ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی لەلایەن راهێنەرەکەیەوە سزا بدرێت، چونکە ئەلۆنسۆ ناسراوە بەوەی لە هەڵوێستەکانیدا بەرامبەر بە هەڵەی یاریزانەکانی زۆر تووندە.
 
 هەڵوێستی ڤینیسیۆس لە بەشداریکردن لە یارییەکەی ریال مەدرید و لێڤانتی بووەتە پرسیاری هەمووان، چونکە چاوەڕێی ئەوەن سزا بدرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی لێڤانتی دەبێتەوە لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئیسپانیا، کە بەدوای شەشەمین سەرکەوتنی لەسەریەک و بەردەوامبوون لە پێشەنگی خولەکە بە نمرەی تەواوەوە.
 
چاوەکان لەسەر هەڵوێستی چاڤی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئیسپانییە بەرامبەر بە ئەستێرەی بەرازیلی ڤینیسیۆس جونیۆر کە دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر ئیسپانیۆل گۆڕانکاری پێکرا تووڕەیی و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە راهێنەرەکەی.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە ئەوکات تێگەیشتنی خۆی لە تووڕەیی ئەستێرە بەرازیلییەکە نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە خۆیشی یاریزان بووە و دەزانێت یاریزانەکان دەیانەوێت یارییەکە تەواو بکەن، بەڵام پێویستی بە هەمووانە و دەیەوێت هەموو یاریزانەکانی بەشدار بن بۆ ئەوەی ئامادەبن، بەڵام هێشتا گومانی ئەوە دەکرێت ئەلۆنسۆ ئەو سزا بدات، بۆ ئەوەی یاریزانەکانی دیکە چاوی لێنەکەن.
 
سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید ئاماژەیان بەوە کردووە کە چاڤی ئەلۆنسۆ یاریزانە بەرازیلییەکەی سزا نادات بەهۆی ئەو هەڵوێستەی لە یارییەکەی پێشوودا نیشانیدا و لە یارییەکەی لێڤانتی بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات.
 
لەسەرەتای ئەم وەرزەوە، ڤینیسیۆس جونیۆر هیچ یارییەکی تەواو نەکردووە و لە دوو یارییدا بەشێوەی سەرەکی دەستیپێنەکردووە، لەوانەش یاریی دەستپێکی ریال مەدرید لە قۆناخی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرامبەر یانەی مارسیلیای ئیسپانی، کە یانەی شاهانە بەزەحمەت 2-1 لە مارسیلیای بردەوە.
 
سەرەڕای کەمبوونەوەی رۆڵی لە ریال مەدرید، بەڵام ڤینیسیۆس جونیۆر دوو گۆڵی تۆمارکردووە و دوو گۆڵی دروستکردووە لە 5 یارییدا لەم وەرزەی خولی ئیسپانیادا، هەروەها هۆکاری لێدانی سزای دووەم بوو کە سەرکەوتنی بە یانەکە بەخشی بەرامبەر  مارسیلیا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە