یەکەم لێدوانی ئەلۆنسۆ لەسەر تووڕەبوونی ڤینیسیۆس

25-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید یەکەم لێدوانی لەبارەی تووڕەبوونی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەسەر مانەوەی لەسەر کورسیی یەدەگ دا و رایگەیاند "هەموو یاریزانێکم دەبێت ئامادەبێت، بۆ یاریکردن یان بۆ دانیشتن لەسەر کورسیی یەدەگ".
 
دوای ئەوەی لە یاریی دووەمی ریال مەدرید لە لالیگادا بەرامبەر ریال ئۆڤیێدۆ، چابی ئەلۆنسۆ ناوی ڤینیسیۆس جۆنیۆری نەخستە پێکهاتەی سەرەکییەوە، میدیاکانی ئیسپانیا باسیان لەوە کرد کە ڤینی زۆر تووڕەیە لەو دۆخە.
 
چاپی ئەلۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید، کە بەر لە یارییەکە باسی لەوە کرد کە یانەکەی پێویستی بە هەموو یاریزانەکانە لە یارییەکانی وەرزی نوێدا، چ لە لالیگای ئیسپانیا، جامی شای ئیسپانیا، یان خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، دوای یارییەکەش پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ ڤینیسیۆس و هەموو هاوڕێکانی نارد و گوتی "هەموو یاریزانێکم دەبێت ئامادەبێت، بۆ یاریکردن یان بۆ دانیشتن لەسەر کورسیی یەدەگ".
 
ئەلۆنسۆ دوای یارییەکە دووپاتیکردەوە کە پێویستی بە هەموو یاریزانانی تیپەکەیە، بەو یەدەگانەشەوە کە لە کاتی یارییەکەدا دێنە ناوەوە و دۆخەکە دەگۆڕن. راهێنەرە ئیسپانییەکە هەوڵیدا هانی یاریزانەکانی بدات، بەڵام قسەکانی وەک وەڵامێک دەردەکەوتن بۆ ئەو راپۆرتانەی باسیان لە ناکۆکی نێوان ئەو و ڤینیسیۆس جۆنیۆر دەکرد.
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی دوای یارییەکەی ئۆڤیێدۆدا، ئەلۆنسۆ گوتی "پێویستیمان بە هەمووانە، چ سەرەکییەکان و چ یەدەگەکان. یاریی زۆرمان لەپێشە، خشتەیەکی قەرەباڵخمان هەیە و گرنگە هەمووان هەست بە گرنگیی خۆیان بکەن و ئامادەبن، جا بۆ ئەوەی بەسەرەکی یاری بکات یان بۆ دانیشتن لەسەر کورسیی یەدەگ یان بۆ ئامادەکاری بۆ یاریی داهاتوو".
 
هەروەها گوتی "سەبارەت بە یارینەکردن بە ڤینیسیۆس بەشێوەی سەرەکی، هەر یاریزانێک لەوەی دیکە جیاوازە. دەبێت داوای هەمان جددیەت و هەمان رێز لە هەمووان بکەین، بەڵام سروشتی پەیوەندی لەگەڵ هەر یاریزانێک کەمێک جیاوازە".
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە بڕیارەکانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تیپەکەیە نەک بەرژەوەندیی هەندێک یان یەکێک لە یاریزانەکان.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە گێمی دووەمی یارییەکەی ریال مەدرید و ریال ئۆڤیێدۆدا چووە نێو یاریگا و گۆڵی دووەمی بۆ کیلیان ئێمباپێ دروستکرد، هەروەها گۆڵی سێیەمیشی تۆمارکرد دوای وەرگرتنی ئەسیستێک لەلایەن ئەستێرەی مەغریبی براهیم دیازەوە، کە ئەویش وەک یاریزانێکی یەدەگ بەشداری کردبوو.
 
ئەلۆنسۆ زیاتر گوتی "زیاتر لە 20 یاریزانمان لە تیپەکەدا هەیە کە دەتوانین پشتیان پێببەستین و دەمانەوێت باشترین ئاستی خۆیان نیشان بدەن. هەندێکجار یاریزانێک لە سەرەتاوە یاری دەکات و کاریگەرە، هەندێکجاریش بۆ چەند خولەکێکی کەم بەشداری دەکات و رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە گۆڕینی ئەنجامی یارییەکە بۆ بەرژەوەندیی ریال مەدرید".
 
ریال مەدرید لە دوو گەڕی یەکەمی لالیگادا دوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، دوای بردنەوەی لە ئۆساسۆنا و پاشان لە ریال ئۆڤیێدۆ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە