محەممەد ئەبو حەشیش ماڵئاوایی لە زاخۆ کرد

27-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن محەممەد ئەبو حەشیش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد ئەبو حەشیش، بەگریکاری ئوردنی و یانەی زاخۆ ماڵئاوایی لە یانەکە کرد و دەڵێت "دوای وەرزێکی نایاب لەگەڵ یانەی زاخۆ و هاندەرە نایابەکانی، کاتی ماڵئاواییکردنە."
 
ئەبو حەشیش لە پەیامێکدا کە لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتە، نووسیوویەتی "دوای وەرزێکی نایاب لەگەڵ یانەی زاخۆ و هاندەرانی ئەم یانە مێژووییە، کاتی ماڵئاواییکردن هاتووە، بە هیوای ئەزموونێکی نوێ و پڕ لە ئاڵنگاری و دەستکەوت."
 
بەرگریکارە ئوردنییەکە دەڵێت " لەگەڵ یانەی زاخۆ سەرکەوتوو بووین، لە جێگەکردنەوەی ناوی یانەکە لەنێو گەورەکانی عێراقدا، نازناوی جامی عێراقمان لەدەستدا، سەرەڕای هەوڵە زۆرەکانمان لە یاریگەدا بۆ دڵخۆشکردنی هاندەران، رێگەی دیکەمان هەڵبژارد."
 
لە پەیامەکەیدا بەرگریکاری یانەی زاخۆ نووسیوویەتی "سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ گوهدار شێخۆ، دەستەی کارگێڕییە نایابەکەی زاخۆ بە سەرۆکایەتیی عەمار فەرهاد، دەستەی هونەر لە تەڵاڵ بلووشییەوە تاوەکو عەبدولغەنی شەهد و هەموو ئەندامانی دەستەکە، یاریزانە هاوڕێکانم کە جگە لە پاڵپشتی و هاوکاری هیچی دیکەیان نەبوو بۆ من، هەروەها سوپاسی شارەکە دەکەم، کە بەخشندەیی و سۆز و خۆشەویستیی پێبەخشیم."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا محەممەد ئەبو حەشیش دەڵێت "ئەمڕۆ، بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی گەشتێکی نوێم کە بتوانم بەردەوامبن لە پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز، بەو هیوایەی خەونی یارییکردن لە مۆندیالی داهاتوودا لەگەڵ نەشامە (ئوردن) بەدی بهێنم، هەندێکجار وشەکان هەست دەرنابڕن، بەڵام بە ئەنجامت دەگەیێنن، زاخۆ بۆ هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، پێشتر ئەبو حەشیش رێککەوتنی لەگەڵ یانەی گەرمە کردووە، گرێبەستێکی بە 400 ملیۆن دینار واژۆکردووە و پێشکەیی گرێبەستەکەی بە 200 ملیۆن دینار وەرگرتووە، هەرچەند یانەی زاخۆ زۆر هەوڵیدا گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ گەرمە هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و ئەوەی هاندەرانی یانەکە لێی دەترسان روویدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە