ڤیدیۆ؛ لێدوانی فەرمی ئەبو حەشیش لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی لە زاخۆ

29-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
محەممەد ئەبو حەشیش
محەممەد ئەبو حەشیش
نیشانەکردن محەممەد ئەبو حەشیش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد ئەبو حەشیش، ئەستێرەی یانەی زاخۆ لەبارەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکە قسە بۆ رووداو دەکات و خۆشەویستی خۆی بۆ هاندەرانی یانەکەی دووپاتدەکاتەوە.
 
ئەستێرەی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی ئوردن و یانەی زاخۆ لە دوای بردنەوەیان لە جەوییە لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "سوپاس بۆخوا شوێنێکی گرنگمان لە ریزبەندییەکەدا بەدەستهێنا، ئەمە دەستکەوتێکە یەکەمجارە لە مێژووی یانەکەدا روودەدات کە پلەی سێیەم بەدەست بهێنین، پشتبەخوا لەسەر هەمان ریتم بەردەوام دەبین و پشتبەخوا یانەکە لەسەر هەمان ئاست دەمێنێتەوە و پشتبەخوا لە وەرزەکانی داهاتوودا لە رکابەرە بەهێزەکان دەبین و لە پاڵەوانێتییە ئاسیایی و عەرەبییەکاندا رکابەری بەهێز دەبین و هیوادارم هەموو کات خۆشی باڵ بەسەر ئەم شارەدا بکێشێت و هەموو ئەو هاندەرانەی بەردەوام دێنە ئێرە بەدڵخۆشی دەمێننەوە."
 
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر داهاتووی یاریزانەکە بڵاوکراونەتەوە، رووداو پرسیاری لە بەرگریکارەکەی یانەی زاخۆ کرد، ئەو لە وەڵامدا گوتی "من نازانم دەمێنمەوە یان دەڕۆم، بەڵام بەدڵ زاخۆم خۆشدەوێت و یانەی زاخۆ و شاری زاخۆم خۆشدەوێت و هاندەرانی زاخۆشم خۆشدەوێت و ئەوپەڕی رێزم هەیە بۆیان، بەڵام بۆ داهاتوو نازانم چی روودەدات."
 
ئەم قسانەی محەممەد ئەبو حەشیش، لەکاتێکدان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی گەرمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لەگەڵ یاریزانەکە لە گفتوگۆدان و 405 ملیۆن دیناریان پێشکێشی یاریزانەکە کردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەی گەرمەوە بکات."
 
کارگێڕیی یانەی زاخۆ لە دوای کۆتاییهاتنی خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی عێراق دەیەوێت لەگەڵ یاریزانەکە کۆببێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر رۆیشتن یان مانەوەی یاریزانەکە دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە