رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی هەواڵێکی ناخۆشی بۆ هاندەرانی یانەکەی راگەیاند و رافینیای ئەستێرەی یانەکە تووشی پێکانبوو.
بارسێلۆنا رۆژی هەینی راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رافینیا لە ماسوولکەکانی بەشی دواوەی رانی راستیدا تووشی پێکانبووە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن دەستەی پزیشکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیلەوە پشکنینی بۆ کرا.
یاریزانەکە لە یاریی دۆستانەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و فەرەنسا تووشی پێکانبوو، یانەکە دەڵێت "رافینیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەست بە وەرگرتنی چارەسەرییەکانی بکات و بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە نزیکەی 5 هەفتە دووردەکەوێتەوە."
بە لەبەرچاوگرتنی راگەیێنراوی یانە کەتەلۆنییەکە، رافینیا بەهۆی پێکانەوە جگە لەوەی بەشداری لە یاریی دۆستانەی بەرازیل بەرامبەر کرواتیا ناکات، لە یانەی بارسێلۆناش بەشداری لە 5 یاریی لالیگا و 2 یاریی چامپیۆنزلیگ یان زیاتر ناکات.
بارسێلۆنا یاریی داهاتووی لە 4ـی مانگی 4 دەبێت بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، یاریزانەکە بەشداری لەو یارییەدا ناکات، دوای چوار رۆژ لەو یارییە هەردوو یانە لە چامپیۆنزلیگدا یاریی دەکەن و لەو یارییەشدا رافینیا یاریی ناکات.
رۆژی 11ـی 4 بارسێلۆنا لە لالیگادا بەرامبەر ئیسپانیۆل یاریی دەکات، ئەو یارییەش بەبێ رافینیا دەبێت، رۆژی 14ـی4 یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، بۆ ئەو یارییەش رافا ئامادەنابێت.
دوای ئەوە بارسێلۆنا لە لالیگادا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ و خێتافی یاریی دەکات و لە هەردوو یارییەکەدا یاریزانە بەرازیلییەکە یاریی ناکات.
ئەگەر بارسێلۆنا بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، رۆژی 28 یان 29ـی 4 یاریی چوون ئەنجامدەدات و بۆ ئەو یارییەش رافینیا ئامادە نابێت، دوای ئەوە 3ـی5 بەرامبەر ئۆساسونا یارییدەکەن و یاریزانە بەرازیلییەکە هەر ئامادە نابێت.
رۆژی 5 یان 6ـی 5 یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکرێن، رافینیا یاریی ناکات ئەگەر بارسێلۆنا گەیشتە ئەو قۆناخە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، ئەگەری بەهێز بۆ گەڕانەوەی رافینیا، یاریی کلاسیکۆیە بەرامبەر ریال مەدرید، کە رۆژی 10ـی 5 یارییەکە لە کامپ نو بەڕێوەدەچێت و چاوەڕواندەکرێت ئەو یاریزانە بۆ ئەو یارییە ئامادەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ