هیلال لەسەر هێڵە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ لیۆنێل مێسی

28-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی یانەی هیلالی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کارگێڕیی یانەی هیلالی سعودی دەستیکردووە بە پلاندانان بۆ گواستنەوەی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، لە گرێبەستێکدا کە دەبێتە سوپرایزێکی گەورە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا.
 
ماوەی گرێبەستەکەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە مشتومڕێکی زۆر لەسەر داهاتووی لەگەڵ تیپە ئەمریکییەکەدا دروستبووە، ئەمەش دوای لێدوانەکانی یەکێک لە خاوەنەکانی ئەو یانەیە سەبارەت بە چانسی مانەوەی مێسی لەگەڵ تیپەکە کە گوتی "لە 50% تێناپەڕێت".
 
خالد ئەلزەهرانی، میدیاکاری بەنێوبانگی سعودی لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە "X" پشتڕاستی کردەوە کە هیلال تاوەکو ئێستا رازی نییە گرێبەست لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی بکات، سەرەڕای ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی بەفەرمی کۆتایی هاتووە و بووەتە یاریزانێکی ئازاد.
 
ئەلزەهرانی روونیشیکردەوە، هیلال گرێبەستی رۆناڵدۆ رەتدەکاتەوە، نەک لەبەر ئاستی رۆناڵدۆ، بەڵکو لەبەرئەوەی بایەخ بە دانوستاندنە بەردەوامەکانی لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی و خاوەنی 8 باڵۆندۆر دەدات.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، یانەی هیلال دەیەوێت وەرزی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە بکات و بیگوازێتەوە بۆ ئەوەی هێڵی هێرشبەری بەهێزتر بکات.
 
لیۆنێل مێسی باشترین قۆناخی خۆی لەگەڵ ئینتەرمەیامی بەسەرنابات، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردەی ئەمریکی.
 
ئینتەرمەیامی لە قۆناخی پێشکۆتاییدا لەلایەن یانەی ڤانکۆڤەر وایت کاپسی کەنەدییەوە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کۆنکاکاف دوورخرایەوە.
 
لیۆنێل مێسی، کە لەم وەرزەدا لە 18 یارییدا 11 گۆڵی تۆمارکردووە و سێ ئەسیستیشی هەیە، تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ هەڵوێستێکی نیشان نەداوە لەسەر ئەوەی ئایا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەمریکییەکەی نوێ دەکاتەوە یان نا.
 
بەرلەوەی مێسی پەیوەندی بە یانەی ئینتەرمەیامییەوە بکات، دەستەوارەیەکی خەیاڵی لە یانەی هیلالی سعودی رەتکردەوە، کە ئەوکات میدیای سعودیە رایگەیاند کە یانەی هیلال ئامادە بووە ملیاریک دۆلار بداتە لیۆنێل مێسی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە