شێروان کوردستان بۆ رووداو: دەمەوێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا بمێنمەوە

28-06-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن شێروان کوردستان یانەی زەورا
A+ A-
رووداو هەولێر

شێروان کوردستان، ئەستێرەی کوردی یانەی حدوودی عێراقی ئاشکرایکرد یانەی زەورا بەشێوەیەکی فەرمی داوایکردووە گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووس و وێستگەی داهاتووی یاریکردنی نەداوە. 
 
ئەو یاریزانە کە لە باڵی راست و چەپ یاریدەکات، دوای ئەوەی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی حدوود ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، خاوەنی چوار ئەسیست و گۆڵێک بوو، هێشتا خولی ئەستێرەکانی عێراق تەواو نەبووە و یانەی زەورا داوای گرێبەستی لێکردووە. 
 
شێروان کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی یانەی زەورا، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "یانەی زەورا یاریکردنی منیان بینیوە و ئاستی منیان بەدڵە و بەرامبەر ئەوانیش رکابەرییەکی زۆر بەهێزم کرد، پەیوەندییان بە بەڕێوەبەری کارەکانم کردووە و حەزدەکەن گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکەم بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا درێسی ئەوان بپۆشم". 
 
یانەی حدوود وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی خراپی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پیشاندا و تیپەکە بۆ ریزی یانە نایابەکانی عێراق دابەزی، بەر لە هەفتەیەک سەرۆکی یانەکە لەگەڵ راهێنەر و یاریزانەکانی کۆبوونەوەی کرد و بەڵێنی پێداون هاوکارییەکی گەورەی دارایی و مەعنەوییان دەکات و وەرزی داهاتووش دەتوانن لە خولی نایاب پاڵەوان بن و بگەڕێنەوە خولی ئەستێرەکان.
 
کوردستان زیاتر روونیکردەوە "دەبێت دەستبەرداربوون لە یانەی حدوود وەربگرم بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەیەکی نوێ بکەم، من هێشتا ساڵێک گرێبەستم لەگەڵ یانەی حدوود ماوە، راهێنەر و سەرۆکی یانە قسەیان لەگەڵ کردووم و لەسەر بڕوایەکی تەواویان بە تواناکانی من دەیانەوێت تیپێکی نوێ دروست بکەن". 
 
ئەو باسی لەوە کرد کە دەرچوونی لە یانەی حدوود ئاسان نابێت و گوتی "بەڕاستی خۆم نامەوێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دابڕێم و دەمەوێت لەبەر چاوان بمێنمەوە، بەڵام کارێکی ئاسان نییە کە دەستبەرداربوون لە یانەکەم وەربگرم، بۆیە ئەو یانەیەی منی بوێت دەبێت بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەم بدات، یانەی حدوود بەئاسانی دەستبەرداری من نابێت".
 
ئەستێرە کوردەکەی یانەی حدوود خەڵکی گەرمیانە و ئێستا پشووی وەرگرتووە، بڕیارە دوای دوو هەفتەی دیکە بگەڕێتەوە شاری بەغدا و لەگەڵ یانەی حدوود دادەنیشێت و داهاتووی خۆی یەکلایی دەکاتەوە. 
 
شێروان کوردستان سەرسامە بەشێوازی یاریکردنی پاڵەوانی چوار وەرزی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق و دەڵێت "هەموو یانەکان رکابەرن و ئاستیان لە یەکدی نزیکە، بەڵام یانەی شورتە شێوازی یاریکردنیان ئەورووپییە و رێکخراون و ناتوانی بەئاسانی لێیان تێبگەیت و هەر لێت دەبەنەوە، من بەردەوام سەیری یاریی یانە کوردستانی و یاریزانی کورد دەکەم، ئەمساڵ هەریەک لە ئاکام هاشم، هەڵۆ فایەق و مستەفا قابیل ئاستێکی بەرزییان پیشانداوە". 
 
شێروان کوردستان، کە تەمەنی 26 ساڵە، سەرەتای کاروانی وەرزشیی خۆی لە خولەکانی کوردستان لە ریزی هەریەک لە یانەکانی رزگاری، کفری و نەورۆز دەستپێکردووە، دواتر لە خولی عێراق یاری بۆ یانەی هەولێر و نەورۆز کردووە و ئەمساڵیش درێسی حدوودی پۆشیوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە