ڤینی تەقییەوە و نزیکەکانی ئاگادار دەکاتەوە

28-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ڤینیسیۆس جونیۆر، زۆر بە رژدی بیر لە بەجێهێشتنی یانەی ریال مەدرید دەکاتەوە، دوای ئەوەی لە کلاسیکۆدا گۆڕانکاریی پێکرا و لە چابی ئەلۆنسۆ تووڕە بوو.
 
یاریزانە 25 ساڵەکەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆدا لە خولەکی 72 گۆڕانکاریی پێکرا و بە تووڕەییەکی زۆرەوە چووە دەرەوە و میدیای ئیسپانیا دەڵێت "لەکاتی چوونە دەرەوەی لە یاریگەدا بە ئەلۆنسۆی گوتووە، چۆن بوێری ئەوەت هەبوو گۆڕانکاریم پێبکەی، من ڤینیسیۆسم، دەڕۆم، دەڕۆم."
 
ئەم هەڵسوکەوتانەی ڤینی کاردانەوەی گەورەیان دروستکرد، رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی دەڵێت "ڤینیسیۆس جونیۆر بە نزیکەکانی خۆی راگەیاندووە، مانگی هەشتی ساڵی داهاتوو لە ریال مەدرید دەڕوات، ئەگەر ئەلۆنسۆ وەکو یاریزانێکی دەست لێنەدراو مامەڵەی لەگەڵ نەکات و مامەڵەکەی بەرامبەر ئەو نەگۆڕێت."
 
دوای یاریی کلاسیکۆ، ئەلۆنسۆ لەبارەی گۆڕانکاریکردن بە ڤینی گوتی "دەکرا ئەو یاریزانە زیاتر لە یاریگەدا بمێنێتەوە، بەڵام ویستم یاریزانی نوێ لە یاریگەدا ببینم، راستە ئەو دڵخۆش نەبوو، بەڵام ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد، خشتەی یارییەکان زۆر ئاڵۆزە و پێویستە گۆڕانکاری لە یاریزانەکاندا بکەین."
 
ڤینیسیۆس جونیۆر داواکاریی زۆری لەسەرە و پێشتر سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە چەندینجار هەوڵی خۆی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە پێشانداوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ ئەوەی 500 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە خەرجبکات.
 
گرێبەستی ڤینیسیۆس لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی ساڵی 2027 کۆتاییدێت، نرخی یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 150 ملیۆن یۆرۆیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە