ڤیدیۆ؛ فیفا پێشبینی دەکات 5 یاریزان لە مۆندیالدا بدرەوشێنەوە

29-09-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
ڤینیسیۆس جۆنیۆر
ڤینیسیۆس جۆنیۆر
نیشانەکردن فیفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، ناسراو بە فیفا کەمتر لە دوو مانگ بەرلەدەستیپێکردنی مۆندیالی 2022ی قەتەر، تیشک دەخاتە سەر پێنج یاریزانی لاوی ئێستای جیهان و دەڵێ ئەو یاریزانانە لە مۆندیالدا سەرنجی زۆریان لەسەردەبێت.
 
فیفا لە خستنەڕووی هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیالی قەتەر، ئاماژە بەچانسی ژمارەیەک یاریزان دەکات کە پێشبینییان بۆ دەکرێت لە پاڵەوانێتییەکەدا بدرەوشێنەوە و ئاستی نایاب و سەرنجڕاکێش پێشان بدەن و ئەو نرخەی ئێستا لە جیهاندا هەیانە، بەهۆی مۆندیالەوە دوو هێندە ببێت.
 
هەموو کات لە جامە جیهانییەکاندا، جیا لە دەرکەوتنەوەی یاریزانە ناسراوەکان لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان، ژمارەیەک یاریزانی نەناسراویش دەردەکەون کە دەبنە جێی سەرنجی میدیا و یانە بەهێزەکانی ئەوروپا، لەگەڵیشیاندا، ژمارەیەک یاریزانی لاو، بەڵام ناسراو لەسەر ئاستی جیهان لە مۆندیالەکاندا، دووپات لەوە دەکەنەوە کە ئەوان دەتوانن لە شوێنی جیاواز و لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان ببنە ئەستێرە و زیاتر دەربکەون.
 
فیفا دەڵێ مۆندیالی قەتەر هەلی دەرکەوتن و درەوشانەوەیە بۆ پێنج ئەستێرەی ئێستای دونیای تۆپی پێ، کە یەکەمجاریانە لە پاڵەوانێتییەکی گەورەی جیهانیدا دەردەکەون و رووبەڕووی ئەو هەموو گووشار و ئەرکە دەبنەوە کە لە میانی پاڵەوانێتییەکەدا دەکەوێتە سەریان.
 
بەپێی ئەو پێنج ناوەی کە فیفا رایگەیاندووە، ڤێرجل ڤان دایکی بەرگریکەری دیاری یانەی لیڤەرپوول بۆ یەکەمجار لە مۆندیالدا بەشداری دەکات، ئەمەش پاشئەوەی هەڵبژاردەی هۆڵەندا کە ڤان دایک پێشەوایەتیی هێڵی بەرگرییەکەی دەکات، بۆ مۆندیالی قەتەر سەرکەوت.. ڤان دایک لە تەمەندا گەورەیە، بەڵام یەکەمجارە ئەو هەلەی بۆ دەڕەخسێت و لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، لەگەڵ هۆڵەندا بەرامبەر هەریەکە لە قەتەر، ئیکوادۆر و سەنیگال یاریدەکات.
 
ئۆرلیێن چوامینی لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، گەنجێکی جێگەی سەرنج و متمانەی فەرەنسییەکان دەبێت بۆئەوەی لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەگەڵ کەڵەشێرەکان، یادەوەرییەکانی کانتێ و پۆگبا لەبیر نەکات و شوێنی ئەوان بگرێتەوە. کانتی و پۆگبا گومان لە بەشدارییان لە مۆندیالدا هەیە و ئەگەر دیدێ دیشامپ پێویستی بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەوان هەبێت لە مۆندیالدا، پێویستی بەچوامینیش هەیە بۆ ئەوەی ڤێرژنێکی نوێی ناوەندی بەهێزی فەرەنسا پێشانی جیهان بدات.
 
لە هێڵی ناوەڕاستی ئیسپانیادا، پێدری لاو دەبێتە جێگەی سەرنج، ئەمەش پاش دەرکەوتنی نایابی بەدرێسی ماتادۆرەوە لە یۆرۆی 2020 و نەیشنسلیگی ئەمساڵ و پەڕینەوە بۆ چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە. پێدری لە پێکهاتە ئەپدەیتکراوەکەی لویس ئینریکێدا ئەرکی رێکخستنی ناوەندی یاریگەی لە ئەستۆ دەبێت، کەسەردەمانێک سیانە زێڕینەکەی چاڤی، ئینێستا و ئالۆنسۆ ئیسپانیایان بردە بەردەم نازناوی جامە جیهانییەکە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا.
 
لە بەرازیل ئەو گەنجەی لە نێو ئەستیرە درەوشاوەکانی هەڵبژاردەکەدا زۆر سەرنجی لەسەر دەبێت، ڤینیسیۆس جۆنیۆرە، پاش دوو ساڵی پڕ لە درەوشانەوە لەسەر ئاستی ریال مەدرید.. جۆنیۆر چاوەڕێی لێدەکرێت، هاوتای یاریزانانی دیکەی سامبا، لە مۆندیالەکەدا بدرەوشێتەوە و لەگەڵ هاوڕێکانیدا لە هەموو یارییەک، نزیک لە هێڵی یاریگە، سەمایەکی خۆشی بەخش بەرووی هەموواندا بکات.
 
یاریزانێکی دیکەی ئاستبەرزی دەرنەکەوتوو لە مۆندیال، جۆد بیلینگهام دەبێت.. بیلینگهام تاکە خاڵی درەوشاوەی نێو پێکهاتە شکستخواردووەکەی ساوسگەیت بوو لە نەیشنسلیگی ئەمساڵ. ئەو یاریزانە کە لە ئێستاوە چاوی یانە گەورەکانی لەسەرە و لە رکابەریدان بۆ بەدەستهێنانی، دەتوانێ مۆندیالی قەتەر بکاتە وێستگەیەک بۆ زیاتر دەرخستنی تواناکانی خۆی و دوو هێندەکردنی ئەو داواکارییانەی لەسەرین.
 
هەموو ئەم یاریزانانە تەنیا 52 رۆژی دیکەیە و ئیدی بۆ یەکەمجار خۆیان لە مۆندیالدا دەبیننەوە، بەڵام هەموویان لەبەردەم گرەوی گەیشتن بە مۆندیالدان بەبێ پێکان و لەوەش گرنگتر بوونیانە لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییانەدا کە لە هەموو لایەکەوە لەسەریانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە