کۆشکە شاهانەکەی لامین یامال و نیکی نیکۆڵ هەرا دەنێتەوە

29-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لامین یامال نیکی نیکۆل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، کۆشکێکی شاهانە بە پارەیەکی زۆر دەکڕێت و ژیانێکی نوێ لەگەڵ نیکی نیکۆڵ، راپەری ئەرجەنتینی و خۆشەویستەکەی دەستپێدەکات.
 
لامین یامال، کۆشکێکی شاهانەی لە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین گەڕەکەکانی بارسێلۆنا بە 11 ملیۆن یۆرۆ کڕی، کە پێشتر ئەو کۆشکە جێرارد پیکێ، بەرگریکاری پێشووی ئیسپانیا و بارسێلۆنا لەگەڵ شاکیرای گۆرانیبێژی بەنێوبانگی کۆڵۆمبی تێیدا دەژیان.
 
کۆشکە شاهانەکەی لامین یامال، دوو ماڵی گەورەی تێدایە، رووبەڕەکەی بەشێوەیەکی گشتی دەگاتە 1،240 مەتر چوارگۆشە، شوێنی ڤێلاکە 10 کیلۆمەتر لە شاری وەرزشیی سانت خوان دیسپییەوە دوورە و لە ماڵی هەریەکە لە ئاندرێس ئینێستا، رۆناڵد ئاراوخۆ و ئەلیخاندرۆ بالدێ نزیکە.
 
تایبەتمەندییەکانی کۆشکە شاهانەکەی لامین یامال
 
6 ژووری نووستن، 2 مەلەوانگە لەنێوخۆی ماڵەکە و دەرەوە، هۆڵێکی گەورەی وەرزشکردن، کتێبخانەیەکی تایبەت، ستودیۆیەکی تایبەت بە تۆمارکردنی گۆرانی، کە پێشتر شاکیرا بەکاری دەهێنا و نیکی نیکۆڵ ئەمجارە سوودی لێ دەبینێت، جگە لەوە هۆڵێکی تایبەت بە توانای جەستەیی، ژوورێکی تایبەت بە وەرگرتنی چارەسەری سرووشتی، یاریگەیەکی بچووکی تۆپی پێ، یاریگەیەکی تایبەت بە پادڵ و بارێکی تایبەتی تێدایە.

 
لامین یامال بڕیارییداوە ڤێلاکە نۆژەنبکرێتەوە، بۆ ئەوەی بەتەواوی لەگەڵ داواکارییەکانی بگونجێت، جگە لەوەش سیستمێکی ئاسایش پارێزی تایبەتی بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی هەموو تایبەتمەندییەکانی لامین یامال و نیکی نیکۆڵ پارێزراو بن.

 
پەیوەندیی خۆشەویستیی نێوان لامین یامال و نیکی نیکۆڵ مانگێک زیاترە هەمووانی بەخۆیانەوە سەرقاڵکردووە، هەردووکیان زۆرترین کاتەکانیان بەیەکەوە بەسەر دەبەن و لە ماوەی رابردوودا کاتێک لامین تووشی پێکانبوو، بەیەکەوە چوونە کرواتیا و لە هێلیکۆپتەرێکی تایبەتدا دەرکەوتن.

 
جگە لەوەش نیکی نیکۆڵ لە یارییەکانی بارسێلۆنادا بەدرێسی یانەکەوە ئامادەدەبێت بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە یاریزانەکە بکات.
 
لامین یامال، تەمەنی تەنیا 18 ساڵە، پەیوەندیی خۆشەویستیی لەگەڵ نیکۆڵ دێنیس کوکۆ ناسراو بە نیکی نیکۆڵ بەستووە کە 7 ساڵ لە خۆی گەورەترە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە