رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و لووتکەی قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکاندا، یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی یاری دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە کاژێر 04:00 لە یارییەکی مێژوویی و گەورەدا هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و هیلالی سعودی رووبەڕووی یەکدەبنەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.
هەردوو یانە دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و سەرەڕای بەشدارینەکردنی چەند یاریزانێکی هیلال لە یارییەکەدا، بەڵام تیپەکان بۆ یارییە گەورەکە ئامادەن.
هیلال لە تواناکانی دوو لە ئەستێرە دیارەکانی بێبەش دەبێت، سالم دوسەری، کاپتنی تیپەکە و ئەلیکساندەر میترۆڤیچ، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەکە بەهۆی پێکانەوە بەشداری لەم یارییە گرنگەی یانەکەیاندا ناکەن.
یانەی مانچێستەر سیتی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت و تاوەکو ئێستا بەهێزترین یانەی مۆندیالی یانەکانە، یانەکە هەر سێ یارییەکانی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بردووەتەوە و خاوەنی هێڵێکی هێرشبەریی مەترسیدارە کە 13 گۆڵی لە 3 یارییدا کردووە و تەنیا دوو گۆڵی لێکراوە.
لە بەرامبەردا هیلال لە قۆناخی یەکەمدا بە دوو یەکسانبوون و بردنەوەیەک خۆی گەیاندە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە، ئەرکی زەحمەتە، بەڵام دەیەوێت رکابەرییەکی ئاستبەرزانە بکات بۆ ئەوەی هەلی گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو لە دەست نەدات.
هەردوو یانە ئینگلیزی و سعودییەکە لەکاتێکدا بەهای پێکهاتەی مانچێستەر 1.37 ملیار یۆرۆیە و هیلال بەهاکەی 159.43 ملیۆن یۆرۆیە، تێکڕای تەمەن لە مانچێستەر سیتی 26.7ـە و لە هیلال 26 ساڵە.
28 یاریزانی مانچێستەر سیتی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی وڵاتەکانیان یاری دەکەن و 20 یاریزانی هیلال لە هەڵبژاردەکان یاری دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ