رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکانی یانەی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز، ئەستێرەی ئیسپانی و یانەی ئاتلێتیک بیلباو خەرێکە دەگاتە بنبەست و گفتوگۆکانی گواستنەوەی راگیراون.
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا میدیای ئیسپانیا دەڵێت "گفتوگۆکانی گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز بۆ یانەی بارسێلۆنا راگیراون، لەکاتێکدا یانەکە ناتوانێت گەرەنتی تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکە بکات بۆ یارییکردن بە درێسی یانەکەوە."
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "نیکۆ ویلیامز داوای لە یانەی بارسێلۆنا کردووە، گەرەنتیی پێبدەن کە دەتوانن ناوی تۆماربکەن، بەڵام یانەکە پێیگوتووە، یان ئێستا گڵۆپی سەوز بۆ گرێبەستەکە هەڵبکە یانیش ئەگەری هەیە گرێبەستەکە نەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک لەبارەی تۆمارکردنی ناوی یاریزانەکە بدرێتە نیکۆ."
میدیای نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "دەورووبەری نیکۆ ویلیامز ئارامن و هێشتا متمانەیان بە بارسێلۆنا هەیە کە دەتوانێت گرێبەست لەگەڵ نیکۆ بکات."
چەند سەرچاوەیەکیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ئاتلێتیک بیلباو بەلایەوە باشترە نیکۆ ویلیامز بچێتە بایرن میونشن نەک بارسێلۆنا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "تاوەکو ئێستاش هەندێک کەسی نێو کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا پێیانوایە گواستنەوەی لویس دیاز دەکرێت سەرکەوتووتر بێت لە گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە بەربەستەکانی بەردەم هەنگاوەکانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە."
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت پەلە لە گواستنەوەی یاریزانەکەدا بکات و نووسراوە فەرمییەکان واژۆبکرێن، بەڵام یاریزانەکە دەیەوێت گەرەنتی ئەوەی هەبێت کە هیچ کێشەیەکی لە تۆمارکردنی ناوەکەیدا نایەتە پێشەوە.
نیکۆ ویلیامز ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە، یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی جێبەجێبکات کە دەگاتە 58 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
پێشتر دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی یاریزانەکەوە گوتبووی "ئەگەر دۆخەکە باش و گونجاو بێت هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نیکۆ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ