ریال مەدرید جگە لە بردنەوە بە هیچی دیکە رازی نابێت

30-11-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دەیەوێت بگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی جیرۆنا یاری دەکات.
 
ئەمشەو لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 14ـی لالیگا، کاژێر 23:00 ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی جیرۆنا و دەیەوێت پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە وەربگرێت، دوای ئەوەی بارسێلۆنا بەبردنەوەی لە یانەی ئالاڤێش بەشێوەیەکی کاتی چووە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە.
 
ریال مەدرید لە یاریی رابردووی لالیگادا بە زەحمەت خاڵێکی بەرامبەر ئێلچێ بەدەستهێنا، لە چامپیۆنزلیگیشدا بە زەحمەت لە ئۆڵیمپیاکۆسی بردەوە، ئەمەش جۆرێک لە نیگەرانیی لەلایەن هاندەرانی یانەکە دروستکردووە، یانەکەش دەیەوێت ئەو نیگەرانییە بڕەوێنێتەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ دوای ئەوەی لە چامپیۆنزلیگدا چوار گۆڵی تۆمارکرد، یاریزانەکە دەیەوێت درێژە بە ئاستە بەرزەکەی بدات و لۆس بلانکۆس بەرەو بردنەوەیەکی دیکە ببات.
 
لە دوایین چوار یاریی نێوان هەردوو یانەدا، ریال مەدرید هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و جیرۆنا هیچ گۆڵێکی نەکردووە، لە وەرزی 2022-2023ـەوە ریال مەدرید بەرامبەر جیرۆنا نەدۆڕاوە.
 
جیرۆنا لە دۆخێکی خراپدایە، ئەم وەرزە لە دوای 13 یاری تەنیا 2 بردنەوەی هەیە، شەش یاریی دۆڕاندووە و لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە