رووداو دیجیتاڵ
پاش هەوڵەکانی سەرۆکی ریال مەدرید بەگۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردنی یانەکە و دەستکاریکردنی پەیڕەوی نێوخۆ، بۆ رێگەدان بە هاتنەناوەوەی وەبەرهێنەران، میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرای دەکەن دوو کۆمپانیای گەورە خۆیان بۆ کڕینەوەی بەشێک لە پشکەکانی یانەکە ئامادەکردووە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، یەکشەممەی رابردوو بانگهێشتی ئەندامانی یانەکەی کرد بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی، بەمەبەستی دەنگدان لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆی یانەکە، ئەگەر ئەم هەنگاوە پەسند بکرێت، دواتر دەخرێتە راپرسییەوە بۆ ئەوەی ئەندامان بڕیاری کۆتایی لەسەر بدەن.
ئامانج لەم گۆڕانکارییە رێگەدانە بە هاتنەناوەوەی وەبەرهێنەری دەرەکی لە رێگەی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نوێوە، بۆ ئەوەی بتوانن پشک لە یانەکە بکڕنەوە.
سیسمی بەڕێوەبردنی ئێستای ریال مەدرید، کۆمپانیا نییە، ریال مەدرید موڵکی ئەندامەکانیەتی و پشکی لە بۆرسەکانی جیهاندا نییە، بەڵام پێزیز دەیەوێت بۆ دابینکردنی داهاتووی یانەکە و پاراستنی لە هەر قەیرانێکی گەورەی دارایی، لە رێگەی دروستکردنی کۆمپانیایەکەوە، کە موڵکداریی بەشێک لە ریال مەدرید دەکات، ژمارەیەکی دیاریکراو لە پشکەکانی یانەکە بفرۆشێتەوە.
تاوەکو ئێستا رێژەی ئەو پشکەی کە دەکرێت وەبەرهێنەران بیکڕنەوە دیاری نەکراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە 10٪ تێپەڕ ناکات و زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوەن کە رێژەکە نزیکەی 5٪ دەبێت.
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، هێشتا ئەندامانی یانەکە بڕیاری کۆتاییان نەداوە، کەچی وەبەرهێنەرەکان دەستیان بە جووڵە کردووە و دوو لایەن ئارەزوویەکی باشیان بۆ کڕینەوەی پشکەکانی یانەکە پێشانداوە، کە بریتین لە کۆمپانیای 'سیکس ستریت'ـی ئەمریکی و بێرنارد ئارنۆ، خاوەنی کۆمپانیای LVMH (لویس ڤیتۆن)ـی فەرەنسی، کە هەردوولایان خوێندنەوە بۆ پرۆسەکە دەکەن.
کۆمپانیای 'سیکس ستریت' پێشتر پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ریال مەدرید هەبووە و لە بواری بەبازاڕکردنی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ کاردەکات.
لەلایەکی دیکەوە بێرنارد ئارنۆ پەیوەندییەکی نزیکی بە یانەکەوە هەیە، بەو پێیەی براندی لویس ڤیتۆن لە مانگی 6ـی ئەمساڵ بووە یەکێک لە سپۆنسەرە فەرمییەکانی یانە مەدریدییەکان، هەروەها خێزانی ئارنۆ لە مانگی 11ـی 2024 پشکێکی زۆری یانەی پاریس ئێف سی فەرەنسییان کڕیوە و دەویەوێت لە تۆپی پێدا وەبەرهێنانی زیاتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ