یانەی نەورۆز دەیەوێت بەهێنانی رۆناڵدۆ ببێتە ژمارەیەکی قورسی خولی ئەستێرەکانی عێراق

31-07-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی نەورۆز رۆناڵدۆ کاسترۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەورۆز لە مێرکاتۆی هاوینی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا راهێنەر و ژمارەیەک یاریزانی بەئەزموونی هێناوەتە ریزەکانی و دەیەوێت ژمارەیەکی قورس بێت لە یارییەکانی وەرزی نوێی خولەکە. 
 
یەکەم هەنگاوی یانەی نەورۆز گرێبەستکردن لەگەڵ یاسین ئاراسی راهێنەر بوو، کە ئەو راهێنەرە لە دایکبووی 1994ـە و خەڵکی باکووری کوردستانە، لە سوێد ژیاندەکات و پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی دالکورد و ئایک لەگەڵ ئاریانا بووە، وەرزی نوێ یەکەم تاقیکردنەوەی کارکردنی لەگەڵ تیپە سوورپۆشەکەی سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێت. 
 
لەگەڵ هێنانی راهێنەری نوێ، یانەی نەورۆز گرێبەستی رۆناڵدۆ کاسترۆ، راهێنەری لێهاتووی جەستەیی نوێکردەوە کە بەرازیلییە و وەرزی رابردوو رۆڵێکی گەورەی لە ئاستبەرزی یاریزانانی نەورۆز هەبوو. هەروەها سەفا کازم، گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرا بۆ راهێنەرایەتی گۆڵپارێزانی تیپەکە.
 
نەورۆز سەقامگیرییەکی زۆری پێوەدیارە و بەشێکی زۆری ئەستێرەکانی گرێبەستەکانیان نوێکردەوە، ئاسۆ رۆستەم، محەممەد دلاوەر، کلاودیۆ ئۆلیڤێرا ناسراو بە مارادۆنا، عەلی ساڵح، هانی شاکری گۆڵپارێز لەگەڵ مەروان حوسێن. 
 
مەروان حوسێن، کە وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزی وەک دووەم گۆڵکاری خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکێشکرد، خواستێکی زۆر لە لایەن یانەکانی جەوییە و زەورا بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە هەبوو، بەڵام یاریزانەکە گرێبەستەکەی تاوەکو ناوەڕاستی مانگی شوباتی 2027 لەگەڵ نەورۆز ماوە.
 
مەروان حوسێن لە لێدوانێکی تایبەت بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "من زۆر ئاسوودەم لە ریزەکانی یانەی نەورۆز و دەمەوێت زیاتر خزمەتی یانەکە و هاندەرانی بکەم. پابەندم بە گرێبەستەکەم". 
 
نوێنەرەکەی سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە گەرم و گوڕییەکی زۆرەوە لە کۆکردنەوەی ئەستێرە بەهێزەکان بەردەوامە، گرێبەستی لەگەڵ رەوا یوسف و هیران ئازاد واژۆکردووە، بەرپرسانی یانەکەش لەگەڵ چەند ئەستێرەیەکی دیکەی ناوخۆی و ژمارەیەک یاریزانی پیشەگەر لە گفتوگۆدان. 
 
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی نەورۆز، بۆ رووداو سپۆرتس روونیکردەوە "ئەمساڵ تیپێکی بەهێز و جیاواز دەبینن، ئێستا راهێنەرمان لە سوێدە و چووە هەندێک کاروباری خۆی هەیە تەواوی دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە و دەست دەکەین بە راهێنان بۆ وەرزی نوێ". 
 
وەرزی رابردوو، یانەی نەورۆز بەکۆکردنەوەی 59 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق هات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە