رووداو دیجیتاڵ
ساڵەکەی ریال مەدریدیش وەک ساڵی هەموو مرۆڤایەتی کۆتایی دێت، بەڵام ساڵەکەی گەورەترین یانەی جیهان، رووداو خەمهێنی زۆر بۆ هاندەرەکانی و کەمێک ترووسکەی هیواشی تێدابوو.
ریال مەدرید 2025ی بەڕێکرد، بەڵام یانەکە لە ساڵەکەدا، خۆی لەسەر سەکۆی هیچ نازناوێک نەبینییەوە، هێندەی رووداوە دراماتیکییەکانی پشتی پەردە بوونە باسوخواس، هێندە چیرۆکی سەرکەوتنی یانەکە نەنووسرایەوە.
سەرەتای ساڵەکە بۆ ریال مەدرید، سەرەتایەکی پڕ لە شکست بوو، یانەکە لە سعودیە یەکەم نازناوی وەرزەکەی لەدەستدا، کاتێک یاریی کۆتایی سوپەری بەرامبەر بارسا دۆڕاند.
بۆ ململانێ لەگەڵ رکابەرە سەرسەختەکەی کە بارسێلۆنایە، 2025 یەکێک بوو لە ساڵە خراپەکانی ریال مەدرید. یاریزانەکانی کارلۆ ئەنچێلۆتی (راهێنەری پێشووی یانەکە) لە چوار کلاسیکۆی بەدوای یەکدا شکستیان هێنا. تەرازووە لاسەنگەکە لە ململانێ مێژوویەکەدا لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا کەمێک لاسەنگ بووەوە، پاش یەکەم بردنەوە لە دوای چوار شکست، لە کلاسیکۆی یەکەمی لالیگای وەرزی ئەمساڵدا.
لەوانەیە بۆ یانەیەکی گەورەی وەک ریال مەدرید، دوایین هەواڵی خۆش، هەواڵی هاتنی راهێنەرێکی نوێ بێت، بەڵام لە 2025دا، رۆیشتنی ئەنچێلۆتی و هاتنی چابی ئەلۆنسۆ، یەکێک بوو لەو هەواڵانەی زۆرینەی هاندەرانی یانەکە بەدڵخۆشییەوە پێشوازییان لێکرد. هۆکارەکەش روونە، ئەنچێلۆتی لە دوایین وەرزیدا، هیچی نەکرد و هیچی بەرهەم نەهێنا.
لە ناوەڕاستی ساڵەکەدا، چابی ئەلۆنسۆ مەشقدانی یانەکەی وەرگرت، ئەو بەگوڕوتینێکی زۆرەوە پێشوازیی لێکرا، لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونیشیدا، بەڵێنی بەرچاویدان، بەڵام لە کۆتایی ساڵەکەدا، ئەوەی لە هەموو باسوخواسێکی دیکەی پەیوەست بەیانەکە، قسەی لەسەر دەکرێت، دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆیە.
دوای نیو وەرزی ساڵ، ریال مەدرید لە ریزبەندی لالیگادا لە دوای بارسێلۆناوە ۆی دەبینێتەوە بەجیاوازیی چوار خاڵ.
لە کۆتاییەکانی ساڵە رەشبینە باڵ کێشاوەکە بەسەر ریال مەدرید، تەنیا یەک سەرچاوەی رووناکی هەیە، ئەویش بەردەوامبوونی درەوشانەوەی کیلیان ئێمباپێیە، ئەو ئەستێرەیەی هەمووان یەک پێناسەی دەکەن، فریادڕەسی یانەکە.
شکستەکانی ریال مەدید تەنیا نێوخۆیی نەبوون، چامپیۆنزلیگی پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەی یانەکە، هەرزوو پشتی تێکرد، کاتێک لە قۆناخی هەشتدا ئارسیناڵ بووە ریال مەدرید و ریال مەدریدیش بووە ئارسیناڵێکی بێئەزموون و ریال مەدریدی کردە دەرەوەی پاڵەوانێتییەکە. دوو یاریی، کە یانەی شاهانە هیچی تێدا پێشکەشنەکردن و بەئاسانی گوتی ماڵئاوا.
ساتێکی دیکەش هەبوو، کە هاندەرانی یانەکە کەمێک تێیدا دڵخۆشبوون، ئەو رۆژانەی هاوینی رابردوو، گرێبەستکردن لەگەڵ ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، دین هاوسن، ئەلڤارۆ کارێراس و فرانکۆ ماستانتونۆ راگەیێنران.. بەڵام ئێستا کاتێک بەچاوی پێداچوونەوە تەماشای ئەو گرێبەستانە دەکرێت، روونە کە ئارنۆڵد نەیتوانی شتێکی ئەوتۆ بکات و ماستانتونۆ بەهۆی پێکانەوە خۆشییەکانی سەرەتای وەرزیان لەگەڵ خۆیاندا برد.
کێ باشترین یاریزانی ریال مەدرید بوو لە 2025؟
هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە وەڵامەکە کیلیان ئێمباپێیە، کیلیان ئەمساڵ 59 گۆڵی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد و ژمارە پێوانەییەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی یەکسانکردەوە بۆ زۆرترین گۆڵ لە ساڵێکدا لەگەڵ ریال مەدرید.
جوانترین وتەی ساڵی 2025ـی ریال مەدرید
لوکا مۆدریچ لە رۆژی ماڵئاواییکردنیدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە 24ی مانگی پێنج گوتی: مەگری چونکە کۆتایی هات، پێبکەنە چونکە روویدا.
سەرسوڕهێنەرترین رووداوی ساڵەکە لە ریال مەدرید
دابەزینی ئاستی یاریزانی بەرازیلی ڤینیسیۆس جونیۆر، دەکرێ سەرنجڕاکێشترینی ساڵەکە بێت لە یانەکەدا.
پاشەکشەی ڤینی، کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر یانەکە و بووە جێگەی رەخنەی هاندەرانی ریال مەدرید. ڤینی دوای ئەوەی پلەی دووەمی باڵۆندۆری رابردووی بەدەستهێنا، ئاستی ئەو یاریزانە بەرازیلییە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی.
ڤینی لەم وەرزە لە 24 یاریدا لە هەموو پاڵەوانێتییەکاندا تەنیا 5 گۆڵی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە هەمان قۆناخی وەرزی رابردوودا 13 گۆڵی هەبوو. ئێستا 14 یارییە گۆڵی تۆمار نەکردووە و لەم ماوەیەدا بە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەی وتووە، گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە، چونکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ راهێنەر چابی ئەلۆنسۆ گرژوئاڵۆز بووە.
سەرنەکەوتنی ریال مەدرید لە یارییە گرنگەکانی ئەم دواییەدا، بەرامبەر لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی، ئەوە نیشان دەدات کە ئێستا ریال مەدرید چەکێکی قورس نییە لە ئەورووپا و دەبێت گۆڕانکاری باش لە پێکهاتە و شێوازی یاریکردنی بکات و ئەو گرێبەستانەی لە ماوەی رابردوو ئەنجامی داون، بە رێکی شوێنی خۆی بپێکێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ