سەتان کەسایەتیی جیهانی داوای پشتیوانی بۆ خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن

02-02-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەتان کەسایەتیی جیهانی، لە براوەی خەڵاتی نۆبڵەوە تاوەکو دەگاتە ئەکتەرەکانی هۆڵیوود، لە نامەیەکی هاوبەشدا داوای پشتیوانیی "بێسنوور" بۆ خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی حکومەتی تاران دەکەن؛ هەروەها دەڵێن پێویستە حکومەتە دیموکراسییەکان سزا بخەنە سەر خامنەیی و سوپای پاسدارانیش بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
 
لە نامەکەی رێکخراوی فریدەم هاوس، کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، ئەوە خراوەتەڕوو، سەرکەوتنی خۆپێشاندەران "بە واتەی رزگاربوون دێت لەو رژێمەی کە رێگری دەکات لە هەڵبژاردنی ئازاد، ئازادیی رادەربڕین، سەروەریی یاسا و ئازادیی تاکەکەسی لە بوارەکانی وەکو هەڵبژاردنی جل."
 
نامەکە لەلایەن نزیکەی 480 کەسایەتیی جیهانییەوە واژۆ کراوە، لەنێویاندا سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ، نووسەری براوەی خەڵاتی نۆبڵ؛ هەروەها هیلاری کلینتن، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا و چەندین ئەکتەری دیاری هۆڵیوود.
 
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "کۆتاییهاتنی سیستمی دژە ژنیی کۆماری ئیسلامی دەبێتە وەرچەرخانێکی جیهانی لە رێپێوانی لەمێژینەی بەرەو دروستبوونی جیهانێک کە تێیدا ژنان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. خۆپێشاندەران شایەنی پشتیوانیی بێسنووری خەڵکی ئازادیخوازی سەرانسەری جیهانە."
 
وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان هەژماری دەکات، بەهۆی خۆپێشاندانەوە، تاوەکو ئێستا چوار کەس لەسێدارە دراون و لانیکەم 14 هەزاری دیکەش دەستگیر کراون، وێڕای ئەوەی کە سەتانی دیکە کوژراون.
 
هاوکات ژمارەیەک کەسایەتیی دیاری دوورەوڵاتی ئێرانی نامەکەیان واژۆ کردووە، لەوانەش رۆژنامەڤان مەسیح عەلینەژاد لە ئەمریکا، خانمە ئەکتەر گولشیفتە فەراهانی لە فەرەنسا، یاریزان عەلی کەریمی و رەزا پەهلەویی کوڕی شا.
 
نامەکە داوا لە وڵاتان دەکات سزا بخەنە سەر هەموو بەرپرسانی ئێران کە دەگوترێت دەستیان لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکاندا هەیە، لە نێویاندا ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، هەروەها داوا دەکات سوپای پاسدارانی ئێران بە رێکخراوێکی تیرۆرستی پۆلێن بکرێت. هەروەها تێیدا هاتووە، پێویستە بەرپرسانی "حکومەتە دیموکراتییەکان بە کۆبوونەوەی ئاشکرا پێشوازی لە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکەن."
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەیلوولی ساڵی رابردوو لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن 22 ساڵانی شاری سەقز دەستیان پێکرد.
 
ژینا لەدوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە بە تۆمەتی نەگونجانی شێوازی سەرپۆشەکەی، گیانی لەدەستدا. دواتر باوکی بە رووداوی راگەیاند، کچەکەی "کوژراوە."
 
خۆپێشاندانەکان خێرا گۆڕدران بۆ بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری و داواکارییەکەشی لەکارلادانی ئەو حکومەتە ئایینییە بوو کە لەدوای رووخانی شای ئێران لە ساڵی 1979وە فەرمانڕەوایەتیی ئێران دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەکاتی پرسیارکردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب

لێدوانی ترەمپ بۆ رووداو لەبارەی شەڕی حەلەب: دەمانەوێت بوەستێت

سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو، هیوای خواست ئاشتی لەنێوان کورد و حکومەتی سووریا بێتەدی، ئەوەش دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادانی سەخت لە شاری حەلەب بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 150 هەزار کەس و کوژرانی دەیان کەسی دیکە، کە بە سەختترین تووندوتیژی دادەنرێت لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد