رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە پەیامێکی تووند و راشکاودا رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەورووپا واز لە سۆزداری و بیرەوەرییە کۆنەکانیان بۆ پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا بهێنن و خۆیان بۆ واقیعێکی نوێ ئامادە بکەن.
مێرتس لە گوتارێکیدا لە بارەگای گرووپی "دۆیچە بۆرسا" لە شاری ئێشبۆرن، کە سەرپەرشتی بۆرسەی فرانکفۆرت دەکات، رایگەیاند، ئەورووپا چیدیکە ناتوانێت پشت بەو دڵنیاییە کۆنانە ببەستێت کە لە رابردوودا لەگەڵ واشنتن هەیبووە.
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی، "پێویستە ئێمە ببینە خاوەن سەروەری و سەربەخۆیی زیاتر، بەتایبەتی لەڕووی تەکنەلۆژیاوە، و بەڵێ، ئەمە بۆ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکاش راستە."
ئەم لێدوانانەی مێرتس دوای ئەوە دێن کە پێشنیازە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ لکاندنی گرینلاند بە وڵاتەکەیەوە، شۆکێکی گەورەی لای سەرکردە ئەورووپییەکان دروست کردووە. مێرتس ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رووداوانە بەشێکن لەو واقیعە نوێیەی کە رووبەڕووی کیشوەرەکە بووەتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، رووداوەکانی ئەم دواییەی وەک "زەنگێکی مەترسیدار بۆ بێداربوونەوەی ستراتیژیی ئەورووپا" ناوبرد. هاوکات دان جۆرگنسن، کۆمیساری وزەی یەکێتیی ئەورووپا، هۆشداریی دا لەوەی بلۆکی ئەورووپی نەکەوێتە ژێر رەحمەتی هاوردەکردنی گازی سروشتیی شل (LNG) لە ئەمریکاوە.
راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لە گۆڕانی "پەیوەندییەکانی دوودیوی ئەتڵەسی" کرد و گوتی، "کەس لەم هۆڵەدا بە ئەندازەی من بە پەژارەوە ئەم قسانە ناکات، بەڵام نۆستالژیا و بیرەوەرییە خۆشەکانی رابردوو هیچ سوودێکمان پێ ناگەیێنن."
ئەم گوتارانە نیشانەی وەرچەرخانێکی مێژوویین لە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و ئەورووپا، کە تێیدا هەوڵدەدرێت بەدوای جێگرەوەیەکدا بگەڕێن بۆ ئەو پارێزبەندییە سیاسی و ئابوورییەی کە پێشتر واشنتن بۆی دابین دەکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ