رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی لە پێشکێشکاری 68ـەمین گەڕی خەڵاتەکانی گرامی کرد، ئەمەش بەهۆی قسەیەکی کۆمێدیی پێشکێشکارەکە لەسەر سەرۆکی ئەمەریکا و جێفری ئێپستین، تاوانباری بازرگانیی سێکس.
دوای پیرۆزباییکردن لە بیڵی ئایڵیش، گۆرانیبێژی بەریتانی بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین گۆرانیی ساڵ بە گۆرانیی "Wildflower"، ترێڤەر نوا، پێشکێشکاری ئاهەنگەکە بە شێوازێکی تەنزئامێز ناوی ترەمپ و ئێپستینی هێنا.
نوا بە گاڵتەوە گوتی: "واو، ئەمە خەڵاتێکە هەموو هونەرمەندێک ئاواتی بۆ دەخوازێت، بە هەمان ئەندازەی ئاواتەکەی ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی گرینلاند"، ئەمەش ئاماژە بوو بۆ هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو هەرێمە سەربەخۆیەی جەمسەری باکوور.
دواتر نوا گوتی: "ئەمەش لۆژیکییە، چونکە بەپێی ئەوەی کە ئێپستین نەماوە، ترەمپ پێویستی بە دوورگەیەکی نوێیە تاوەکو لەگەڵ بیل کلینتن کاتی تێدا بەسەر ببەن."
نوا کە رایگەیاندووە ئەمە دوا ساڵی دەبێت وەک پێشکێشکاری گرامی لە دوای شەش ساڵ، لە ساڵانی رابردوودا کەمتر قسەی سیاسیی دەکرد.
قسەکانی پێشکێشکارەکە بووە هۆی تووڕەبوونی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرەتا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ"ـی خۆی نووسی: "خەڵاتەکانی گرامی خراپترینن و بەکەڵکی سەیرکردن نایەن"، پاشان هێرشی کردە سەر نوا.
ترەمپ جەختی کردەوە: "من ناتوانم لە جیاتی بیل قسە بکەم، بەڵام من هەرگیز نەچوومەتە دوورگەی ئێپستین و نزیکیش نەبوومەتەوە لێی؛ تاوەکو ئەم قسە ناڕاست و ناوزڕێنەرەی ئەمشەو، هەرگیز تۆمەتبار نەکراوم بەوەی لەوێ بووبم، تەنانەت لەلایەن میدیا ساختەکارەکانیشەوە."
دواتر ترەمپ، نوای بە "دۆڕاوی تەواو" وەسف کرد و گوتی پێویستە "زانیارییەکانی راست بکاتەوە."
ترەمپ هەروەها دەڵێت: "پارێزەرەکانم دەنێرم بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر ئەم پێشکێشکارە داماو و بێ بەهرە و گێژە تۆمار بکەن... خۆت ئامادە بکە نوا، کاتێکی خۆش لەگەڵ تۆ بەسەردەبەم!"
ترەمپ کە لە فلۆریدا و نیویۆرک پەیوەندیی لەگەڵ هەمان بازنەی کۆمەڵایەتیی ئێپستیندا هەبووە، چەندین مانگە هەوڵدەدات رێگری لە بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکان لەسەر ئەو سەرمایەدارە ناوزڕاوە بکات و گێڕانەوەی جیاوازی هەبووە لەسەر ئەوەی بۆچی پەیوەندیی لەگەڵ ئێپستین تێکچووە.
رۆژی هەینی زیاتر لە سێ ملیۆن بەڵگەنامە بڵاوکرانەوە کە ناوی چەندین کەسایەتیی دەسەڵاتداری تێدایە، لەوانە سەرۆکی 79 ساڵەی ئەمەریکا، ئیلۆن مەسک، بیل گەیتس، بیل کلینتن و شازادە ئەندرووی بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ